ئه‌مڕۆ به‌ردی بناغه‌ی یاریگایه‌كی مۆدێرن له‌ سلێمانی داده‌نرێت

بریاره‌ ئه‌مڕۆ، پێنجشه‌ممه‌ له‌ ڕێڕوڕەسمێکی تایبەتدا به‌ردی بناغه‌ی یاریگا نوێیه‌كه‌ی یانه‌ی وه‌رزشی نه‌ورۆز له‌ شاری سلێمانی دابنرێت.

یاریگاكه‌ له دەروازەی شاری سلێمانییە و ده‌كه‌وێته‌ پشت بینای ماجدی مۆڵ و به‌ شێوازێکی ئه‌ندازیاری سه‌رده‌میانە بونیاددەنرێت و له‌سه‌ر دیزاینی یاریگا‌كانی وڵاتی ئینگلته‌را نەخشەسازی بۆ دەکرێت.
یاریگاكه‌ زیاتر له‌ 12 هه‌زار هاندەر لەخۆده‌گرێت و سه‌رجه‌م پێوه‌ره‌ جیهانی و نێوده‌ڵه‌تیه‌كانی تیادا ڕه‌چاوكراوه‌ و بریاره‌ بە کەمتر له‌ دوو ساڵ كۆتایی پێبهێنرێت.
یانه‌ی نه‌ورۆز كه‌ ئێستا یەکێکە لە دیارترین یانەکانی شاری سلێمانی و كوردستان، له‌ وه‌رزی ئه‌مساڵه‌وه‌ به‌شدار ده‌بێت له‌ خولی پله‌یه‌كی عێراق و جامی عێراق و خولی نایابی كوردستان، خاوه‌نی هانده‌رێكی زۆره ‌و یارییه‌كانی له‌ یاریگای زانكۆی سلێمانی ئه‌نجامده‌دات.
چه‌ندین ساڵه‌ به‌رپرسانی ئه‌م یانه‌یه‌ به‌ تاسه‌وه‌بوون یاریگایه‌كی مۆدێرنه له‌ شاری سلێمانی بونیادبنێن، كه‌ شایسته‌ی هاندەرانیان بێت، پاش هەوڵ وماندوبوون بۆ جێبه‌جێكردنی ڕێكاره‌ یاساییه‌كان كه‌ له‌ لایه‌ن جێگری سه‌رۆكی یانه‌وه‌ جێبه‌جێكرا ئه‌مڕۆ بەردی بناغەی یاریگا نوێیەکەیان دادەنێن.
یاریگای یانەی نەورۆز چەند دەرگایەکی چوونه‌ ژووره‌وه‌ی دەبێت، جگە لە ده‌رگای هانده‌ران له‌ چه‌ند ئاڕاسته‌یه‌كه‌وه‌ ده‌رگای میوانانی تایبه‌ت و شوێنی تایبه‌ت به‌ میدیاكانی تیادا بینادەکرێت.
به‌ده‌ر له‌ بونیادنانی یاریگا‌كه‌، له‌ ماوه‌ی دووساڵی داهاتووی كاركردندا چه‌ندین دەستیكار له‌و یاریگایه‌ هه‌لی كاركردنیان بۆ ده‌ڕه‌خسێت، پێشبینی ده‌كرێت ببێته‌ ده‌رگایه‌كی گه‌وره‌ی نووێبوونه‌وه‌ی وه‌رزشیش لە شاری سلێمانی.
بابەتی پێشتر

فەرماندەیەكی ئەمریكی: ئێران بەردەوامە لە تێكدانی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

بابەتی دواتر

کڕینی هالاند یان مباپێ؟ پلانی ڕیاڵ مەدرید بۆ میرکاتۆی 2021

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share