پێکهاتەی خەونەکانی مۆرینیۆ لە چێکەوە دەستپێدەکات و بە کریستیانۆ کۆتاییدێت

ڕاهێنەری یانەی تۆتنهام هۆتسپێرزی ئینگلیزی، جوزێ مۆرینیۆ باشترین ئەو یاریزانانە دەستنیشاندەکات کە لە ژیانی وەرزشییدا وەک ڕاهێنەر سەرپەرشتی کردوون.

لە چاوپێکەوتنێکدا مۆرینیۆی پۆرتوگالی بە ماڵپەڕی “مانچستەر ئیڤنین نیوز”ی ڕاگاندووە، ” ئوزێل یاریزانێکی جادوییە، لە یەک کاتدا ڕاهێنەری کریستیانۆی جادوگەر و ئوزێلی جادوگەر بووم، خەڵکی خۆشیدەوێن، هەر ئەرکێکت بە یاریزانە ئەڵمانییەکە بسپاردایە بە زیادەوە جێبەجێیدەکرد”.

ڕاهێنەرە سپێشەڵەکەی پۆرتوگال لەسەر داوای ڕۆژنامەنوسان باشترین پێکهاتەی یاریزانان بە درێژایی مێژووی ڕاهێنانی ئاشکرادەکات.

لە پێگەی گۆڵپارێز پیتەر چێک دەستنیشاندەکات، هەروەها لە هێڵی بەرگری جۆن تێری، ڕیکاردۆ کارڤالهۆ و ویلیام گالاسی هەڵبژاردووە کە سەرجەمیان لە یانەی چێڵسی یارییانکردووە، هەروەها خاڤیێر زانێتی ئەستێرەی دێرینی ئەرجەنتین کە لە یانەی ئینتەرمیلان کاری لەگەڵ ڕاهێنەرەکە کردووە و دوو نازناوی ناوخۆیی و نازناوێکی چامپیۆنزیلیگیان چنیوەتەوە.

لە هێڵی ناوەند مەسعود ئوزێلی ئەڵمانی – تورکی لە پاڵ هەریەک لە کلاود ماکیلیلی و فرانک لامپارد دەستنیشانکردووە، دیسانەوە دووان لە یاریزانەکان لە یانەی چێڵسی یارییانکردووە.

لە هێڵی هێرشبەریشدا دوو یاریزانی دیکەی بلوزی لەندەن کە پێکهاتوون لە دیدیێ درۆگبا و ئیدین هازارد ناویان هاتووە و وەک هێرشبەری سەرەکیش کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی پۆرتوگالی هەڵبژاردووە، کە لە ڕیاڵ مەدرید لەژێر چاودێری “مۆو” یاریکردووە.

مۆرینیۆ لە ژیانی وەرزشیدا ڕاهێنەری یانەکانی پۆرتۆ، چێڵسی، ئینتەرمیلان، ڕیاڵ مەدرید، مانچستەر یونایتد، لە ئێستاشدا ڕاهێنەری یانەی تۆتنهامی ئینگلیزییە.

ئەوەی سەیرە، ڕاهێنەرە پۆرتوگالییەکە ئاماژەی بە هیچ یەکێک لە زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ، سێرجیۆ ڕامۆس، پاول پۆگبای نەکردووە، کە سەرجەمیان یاریزانی جیهانی نمرە یەک بوون و لە پێکهاتەکانیدا کاریگەرییان هەبووە.

بابەتی پێشتر

که‌ی بڕیارده‌دات؟ مێسی چه‌ند فاکته‌رێکی بۆ به‌رده‌وامبوون له‌ بارسا دیاریکردووه‌

بابەتی دواتر

پێویستە یوڤانتۆس کریستیانۆ بفرۆشێت؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share