جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە دەخرێتە دانیشتنێكی تایبەتەوە و دەشڵێت، ئەو لایەنانەی ناڕازین بە دەقی تایبەت بە پشكی هەرێم، تائێستا هیچ جێگرەوەیەكی دیكەیان پێشكەشنەكردووە.
بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ یەكشەممە 14ی ئازار لە وەڵامی پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستادا دەربارەی دانیشتنی سبەی پەرلەمان و پرسی یاسای بودجە وتی، سبەی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەدەچێت تایبەت دەبێت بە تەواوكردنی دەنگدان لەسەر یاسای دادگای باڵای فیدڕاڵی و چەند یاسایەكی تر.
وتیشی، “بابەتی یاسای بودجە دەخرێتە دانیشتنێكی دیكەوە بەهۆی ئەوەی بودجە دەبێت دانیشتنێكی تایبەت هەبێت بۆ دەنگدان لەسەری”. ئەوەشی وت، “ئومێدەوارین ئەو گفتوگۆیانەی لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەكان لە بەغداد هەیە لەسەر ناوەرۆكی پرۆژەیاساكە بگاتە ئەنجامێك”.
بەشیر حەداد ئەوەشی خستەڕوو، كورد هەر لەسەرەتاوە ڕازییەوە بەو دەقەی لە پرۆژە یاساكەدا هاتووە و لەلایەن حكومەتەوە لە ئەنجامی ڕێككەوتنی حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی بەغداد دانراوە، بەڵام ئەو لایەنانەی ناڕازین بەو دەقە تائێستا هیچ جێگرەوەیەكی دیكەیان پێشكەشنەكردووە تاببێتە مایەی گفتوگۆ لەنێوان لایەنەكاندا، بۆیە ئێستا چاوەڕوانی ئەو دەقە جێگرەوەیە دەكرێت، ئەگەریش ئەو جێگرەوەیە نەبوو، ئەو دەقەی لەناو یاساكەدایە دەنگی لەسەر دەدرێت.
دوپاتیشیكردەوە، “وەكو حكومەتی هەرێم و وەك نوێنەرانی كورد لە بەغداد ڕەزامەندین لەسەر هەموو ئەو بژاردانەی كە پێشكەشدەكرێن، بەمەرجێك دەستوری بێت و قابیلی جێبەجێكردن بێت”. ئەوەشی ڕونكردەوە، لەناو چوارچێوەی دەستوردا حكومەتی هەرێم هیچ درێغی نیە و هەر مەرجێك هەبێت جیبەجێی دەكات و، تائێستاش ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەوەی هەمو ئیلتیزاماتەكانی خۆی كە لە چوارچێوەی دەستوردا هەیە جێبەجێ بكات.
لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “بەگوێرەی ئەو كارنامەیەی بۆ ئێمە نێردراوە، دانیشتنی سبەی دووشەممە تایبەت دەبێت بە تەواوكردنی دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای دادگای باڵای فیدراڵی”.
وتیشی، “پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق لە كارنامەكەدا نییە، بە بڕوای من تەنانەت تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای دادگای باڵاش قورسە و كێشەی بۆ دروست دەبێت”.
لەبارەی كێشەكانی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021، جەمال كۆچەر ئاماژەی بەوەكرد، “نە شیعە نە سونە و نە كورد تائێستا ڕێكنەكەوتوون لەسەر بودجە، هیچ ڕێككەوتنێك نەكراوە و ئەگەر پرۆژەیاساكەش بخریتە دەنگدانەوە تێناپەڕێت”.