ئێوارەی ئەمڕۆ 11ی ئازار، بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق کۆبوونەوە و جەختیانکردووەتەوە لەسەر گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هەرێم بۆ چارەسەرکردنی پرسی بودجەی هەرێم.
لە دیدارێکدا کە ژمارەیەک لە ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و مەکتەبی سیاسی ئامادەیبوون، گفتوگۆ لەبارەی دوایین پەرەسەندنە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەکانی ھەرێم و عێراق كرا و بەبایەخەوە باس لە رێوشوێنەکانی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا کرا و جەخت لە کاری ھاوبەش و ھەماھەنگی زیاتر کرایەوە لەپێناو سەقامگیری سیاسی و ئابووری و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵک.
ھەر لە دیدارەکەدا دەرچەکانی چارەسەرکردنی بودجە و موچەی موچەخۆرانی ھەرێم خرایەبەرباس، دەستوور وەک مەرجەعی تێپەڕاندنی دۆخەکە و گەیشتن بە رێکكەوتن وەسفکرا، خستەگەڕی ھەوڵەکان و گفتوگۆ لەنێوان لایەنە سیاسییە عێراقییەکان و ھەرێم دووپاتکرایەوە بۆ بونیادنانەوەی متمانە و کاری ھاوبەش، کە ئەم ھەنگاوەش لە خزمەت بەرژەوەندی گشتیدا بێت.