ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش، ئەمینداری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی ئازار بەبۆنەی یادی 10 ساڵەی دەستپێکردنی جەنگ لە سوریا ڕایگەیاند، دۆخی سوریا ئێستاش کابوسێکی زیندووە و نزیکەی %60ی هاوڵاتییانی ئەو وڵاتە لە مەترسیی برسێتییدان.
لە وتارێکدا گۆتێرێش ڕایگەیاند، “مەحاڵە بە تەواوی هەست بەو وێرانکارییە بکەین کە لە سوریا ڕوویداوە، هەموو گەلی سوریا خراپترین جۆری تاوانیان بینیوە کە ئەم سەدەیە بەخۆیەوە بینیویەتی، قەبارەی ئابڕوچوونەکە ویژدانی مرۆڤایەتی دەهەژێنێت”.
گۆتێرێش بە ڕۆژنامەنوسانی راگەیاندووە، “بارودۆخی سوریا تاوەکو ئێستاش کابوسێکی زیندووە”.
جەختیکردەوە، “پێویستە پێویستە هەوڵەکانمان چڕ بکەینەوە بۆ گەیاندنی هاوکاریی بۆ هاوڵاتییانی سوریا، لە ڕێگەی دەروازە سنورییەکان و هێڵی ئاسمانییەوە، داواشی لە ئەنجومەنی ئاسایش کرد لەوبارەیەوە بگەنە ڕێککەوتن”.
ئەنجومەنی ئاسایش بۆ یەکەم جار کاروانی هاوکاریی لەساڵی 2014دا گەیاندە سوریا لە ڕێگەی چوار خاڵی سنورییەوە.