لەبارەی ڕێكنەكەوتن لەگەڵ بەغداد لەسەر پشكی هەرێم هۆشداری دەدرێت

بەگوێرەی ئەو بەروارەی بۆی دیاری كراوە، كەمتر لە هەفتەیەك ماوە بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق، چارەنوسی پشكی كوردیش لەو پرۆژەیاسایە بە ناڕوونی ماوەتەوە.

پەرلەمانتارێك دەڵێت، تا ئەو كات هەوڵی تەواوەتی دەدرێت بۆ ئەوەی ڕێككەوتن بكرێت و ئابوریناسێكیش هۆشداری دەدات لە ئەگەری ڕێكنەكەوتن لەگەڵ بەغداد.

چارەنوسی پشكی كورد چی دەبێت؟

سەبارەت بە چارەنوسی پشكی كورد لە پرۆژەیاسای گشتیی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021، شیروان میرزا، ئەندامی كورد لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “چاوەڕێی ئەوە دەكەین لە ڕۆژانی داهاتوودا كۆبوونەوەكانی لیژنەی دارایی دەستپێبكەنەوە و لەسەر پشكی هەرێمیش ڕێككەوتن بكرێت”.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو، “خۆی پەلەكردن لە دەنگدان لەسەر بودجە، داواكاریی 150 پەرلەمانتار بوو دەمێكیشە دەیانەوێت پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق لەگەڵ یاسای دادگای باڵای فیدراڵی تێپەڕێنن، ئێستا ئەو پرۆژەیە سێ مادەی ماوە بڕیارە دووشەممەی داهاتوو تەواو بكرێت و دواتر دەنگیش لەسەر بودجە بدرێت”.

لەبارەی پشكی كورد لە پرۆژەیاساكەدا، سیروان میرزا وتی، “ئەو دەقەی لە حكومەتەوە هاتووە نەگۆڕاوە و جێگرەوەی نییە، ئەگەر جێگرەوەش بۆ ئەو دەقەی هەرێمی كوردستان دابندرێت و دەستووری بێت و قابیلی قبوڵكردن بێت، ئەوا دەنگی لەسەر دەدەین، تا ئێستاش ئەو پێشنیارانەی هەن دوور نین لە بەرژوەندیی هەرێم”.

بەگوێرەی زانیارییەكانی ئەو پەرلەمانتارە، ئەگەر دەنگ لەسەر پرۆژەیاساكە بدرێت، دەنگ لەسەر كۆی پرۆژەكە دەدرێت بە پشكی هەرێمیشەوە و جیا ناكرێتەوە.

بەشداری نەكردنی كورد لە بودجەی عێراق زیانی گەورەی دەبێت

لەلایەكی دیكەوە، بیلال سەعید، سەرۆكی ئینستتیوتی ئابوری بە ژمارە بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ڕێكنەكەوتن لەبارەی پشكی هەرێمەوە خاڵی نەرێنی زۆری دەبێت، بۆیە پێویستە كورد ئەوەی پێی دەكرێت بیكات بۆ ئەوەی ڕێگری بكات لەوەی بەشداری پێنەكرێت لە پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق”.

ئەو ئابوریناسە ئەوەشی خستەڕوو، “تا ئێستا كورد لە ڕووی شكڵییەوە دەڵێت پابەندی ئەو ڕێككەوتنەم، ئەوەشی كراوە لە ئاستێكی سنوورداری هێزێكی دیاریكراودا بووە، لە ڕاستیدا حكومڕانی هەرێم پارتی بووە، بەڵام لە ئەرزی واقعدا ئامادە نەبوون سەرۆكایەتیی ئەو شاندە بكەن كە چووەتە بەغداد”.

ئەوەشی ئاشكرایكرد، “گەر هەڵەیەك هەبێت لە دۆخی ئابوری لە هەرێم، پارتی لێی بەرپرسیارە و دەبوایە پارتی لەسەر هێڵ بوایە و سەرۆكی ئەو شاندەش بوایە لە بەغداد و بڕیار لەسەر ئەو پرسە بدرایە، بەڵام دەبینین یەكێتی كراوە بە واجیهەی ڕێككەوتن”.

ئاڵای كوردستان و عێراق

“ئەگەر كاتێك مابێت، كاتی ئەوەیە شاندێكی باڵای ئەو سێ هێزە بچنە بەغداد كە پێكهێنەری حكومەتی هەرێمن، دوایین كارتی فشار دروست بكەن بۆ ئەوەی رێككەوتن بكرێت”، وەك بیلال سەعید ئاماژەی پێكردووە.

ئەوەشی ڕاگەیاند، “ئەگەر ڕێككەوتن نەكرێت، كورتهێنانی گەورە لە بودجەی گشتیی هەرێم ڕودەدات، لەم كات و ساتە نرخی نەوت بەرزبووەتەوە ڕەنگە هەرێم بڵێت كێشەم نییە، بەڵام ئەو ئابورییە بەهێزە ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدادی تێدا بێت”.

سەرۆكی ئینستتیوتی ئابوری بە ژمارە باسی لەوەشكرد، “كورد لە 2014ەوە باجی ئەو قۆناغە دەدات كە لەگەڵ بەغداد ڕێكنەكەوتووە و كێشەی هەبووە، ساڵانی نێوان 2014 تا 2020 جۆرێك لە پچڕانی سیاسی لەنێوان هەرێم و بەغداد هەبووە، ئەگەر لە 2021 پچڕانی پەیوەندییەكی ئابوریش دروست ببێت ئەوا مەترسیدارە”.

قوباد تاڵەبانی و جێگرانی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق پاش كۆبوونەوەیەك – ئەرشیف

حكومەتی هەرێم لەماوەی سێ ڕۆژدا دووجار ئامادەیی بۆ ڕێككەوتن پیشانداوە

لەماوەی سێ ڕۆژدا دووجار حكومەتی هەرێم ئامادەیی دەربڕی بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ بەغداد، جارێكیان لەڕێی ڕاگەیەندراوێكی وتەبێژی حكومەت و جارێكیش لەڕێی مەسرور بارزانییەوە.

لە 6ی ئازار، جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێم ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و ئاشكرایكرد،  “حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو ژمارە و داتاكانی تایبەت بە داهات وخەرجیی نەوتی و نانەوتی و تۆماری بایۆمەتریی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی پێشكەش بە بەغداد كردووە”.

ئەوەشی ڕاگەیاندبوو، “هەرێم جارێکی تر، ئامادەیی خۆیشی دووپات دەكاتەوە بۆ ڕوونكردنەوەی هەر پرسیارێكی دیکەی پەیوەست بەم بابەتەوە، بۆلادانی هەموو ئەو تەمومژیانەی كاریگەرییان بەسەر ڕێڕەوی لێكگەیشتن و ڕێككەوتنی نێوان هەردوولا دەبێت”.

پاش بانگەوازێكی مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد، مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێم دوێنێ دووشەممە 8ی ئازار لە تویتەری خۆیەوە ئاشكرایكرد، “ئامادەیی خۆمان دەردەبڕین بۆ ڕێککه‌وتن و چارەسەری بنەڕەتی و یه‌کجاری هەموو کێشەکانی نێوان حکومە‌تی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان به‌پێی بنەماکانی ده‌ستوور”.

پرۆژەیاسای بودجە خرایە بەرنامەی كاری دانیشتنی پەرلەمانی عێراقەوە

پاش كۆكردنەوەی 150 واژوو بۆ ئەوەی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق بخرێتە بەرنامەی كاری دانیشتنی پەرلەمانەوە، حەلبوسی ڕەزامەندی دەربڕی و ئەو پرۆژەیە خرایە بەرنامەی كاری دانیشتنی دووشەممەی داهاتووەوە.

لە دانیشتنی دوێنی دووشەممەی پەرلەمانی عێرقدا، دەیان پەرلەمانتار ناڕەزاییانە دەربڕی لەوەی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق نەخراوەتە كاری دانیشتنی پەرلەمانەوە و هەڕەشەی بایكۆتی دانیشتنەكانیان كرد، 150 واژوویان بۆ ئەو مەبەستە كۆكردەوە.

پاش كۆكردنەوەی ئەو ژمارە واژووە، داواكارییان ئاڕاستەی محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كرد و داوایانكرد، پرۆژەیاسای بودجە بخرێتە بەرنامەی كاری دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانەوە.

بەگوێرەی ئەو داواكارییە كە وێنەیەكی دەستی تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە، حەلبوسی لەسەری واژووی كردووە و بڕیاریداوە پرۆژەیاساكە بخرێتە بەرنامەی كاری دانیشتنی دووشەممەی داهاتووەوە.

بابەتی پێشتر

جێرارد و ئالێگری دووانن لە پێنج پاڵێوراو بۆ پێگەکەی یۆرگن کلۆپ

بابەتی دواتر

بەرپرسێکی سوپای پاسداران باسی کودەتا دەکات لە ئێران

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

جەنگ، ئینتەرنێت دادەڕمێنێت؟
ڕوسیا و چین كار لەسەر هێڵی تایبەت بەخۆیان دەكەن

لەگەڵ بەردەوامیی شەڕ و ململانێكان سەبارەت بە ئۆكرانیا تۆڕەكانی ئینتەرنێت لەبەردەم ڕووداوی بێپێشینەدان، كە ئەگەری لەبەریەكهەڵوەشانی تۆڕی جاڵجاڵۆكەی…
Total
0
Share