بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق، یاسای “كچان و ژنانی ئێزدیی ڕزگاربووی دەستی داعش”ی پەسەند كرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆككۆمار كە كەمێك لەمەوبەر بڵاوكرایەوە، بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 8ی ئازار، یاسای “كچان و ژنانی ئێزدیی ڕزگاربووی دەستی داعش”ی پەسەند كردووە.
سەرەتای ئەم مانگە، لە دانیشتنی ژمارەی 38ی خۆیدا بە سەرۆكایەتیی محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمان، پەرلەمانی عێراق یاسای “كچان و ژنانی ئێزدیی ڕزگاربووی دەستی داعش”ی پەسەند كرد.
دوای پەسەندكردنی ئەو یاسایە، بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق لە تویتێكیدا نووسیبووی، “پهسهندکردنی یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدیی دهستی داعش لەلایهن ئهنجومهنی نوێنهرانی عیراق، هاوکارییە بۆ ساڕێژی زامی قوڵی پاکیزهکانی شهنگال”.
بەرهەم ساڵح ئەوەشی خستبووەڕوو، “یاساکە لهلایهن سهرۆکایهتیی کۆمار پێشکهش كرا، كە ههوڵێکه بۆ بهدیهێنانی دادپهروهری و سزادانی تاوانبارانی داعش و ڕزگاركردنی ڕفێندراوەکان”.
دواتر مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕاگەیەندراوێكی لەو بارەیەوە بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، “پەسەندكردنی یاسای كچان و ژنانی ڕزگاربووی ئێزدی و كچانی تری عێراق، هەنگاوێكی گرنگە بۆ دەستەبەركردنی دادپەروەری.”
جەختیشیكردبووەوە لەوەی كە “حكومەتی عێراق هەموو هەوڵەكانی دەخاتەگەڕ بۆ جێبەجێكردنی یاساكە.”
لەلایەكی دیكەوە، نادیە موراد، كچە ڕزگاربووی دەستی داعش لە تویتێكدا نووسیبووی، “یاسای ڕزگاربووانی كچان و ژنانی ئێزدی لە عێراق هەنگاوێكی گرنگە بۆ داننان بەوەی توندوتیژییە سێكسییە بەهۆی جیاوازی كۆمەڵایەتییەوە، ئەوەش وا پێویست دەكات قەرەبووی ڕزگاربووان بكرێتەوە.”
ئامانج لەو یاسایە، قەرەبووكردنەوەی كچان و ژنانی ئێزدی ڕزگاربووی دەستی داعشە، لەگەڵ بڕینەوەی موچە بۆیان و پێدانی پارچەیەك زەوی و فەراهەمكردنی ژیانێكی شایستە و دابینكردنی خزمەتگوزاریی پزیشكی و تێكەڵكردنەوەی منداڵەكانیان بە كۆمەڵگا.