پێشتر ترس هەبوو ترەمپ ڕەتیبكاتەوە.. بایدن پێشنیاری بەرزكردنەوەی پلەی جەنەڕاڵە ژنەكان دەكات

جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا

سەرۆكی ئەمریكا دوو ژنی جەنەڕاڵی سوپا بۆ بەرزكردنەوەی پلەیان دەپاڵێوێت، دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵەی دەوترێت پەنتاگۆن ئەو پاڵاوتنەی لە سەردەمی سەرۆكایەتی ترەمپدا نەخستووەتەڕوو، بەهۆی ترسی لە ڕەتكردنەوەی بەهۆی “ژن بوونیانەوە”.

وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا (پەنتاگۆن) دوو ڕاگەیەنراوی بڵاوكردەوە و تیایدا دەڵێت، جاكلین ڤان ئۆفۆست، جەنەڕاڵ لە هێزە ئاسمانییەكان و لۆرا ریچاردسۆن، جەنەڕاڵی سوپا ئەركی نوێ دەگرنەدەست لە سەنتەرە ئاست چوار ئەشتیرەكاندا، ئەگەر ئەنجومەنی پیران ڕەزامەندی لەسەر نیشان بدات.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكان، ڤان ئۆفۆست فەرماندەیی بواری گواستنەوە وەردەگرێت، كە تۆڕی گواستنەوەی جیهانیی سوپا بەڕێوەدەبات، بڕیاریشە ریچاردسۆن لە فەرماندەیی گشتیی باكووری سوپای ئەمریكاوە لە بنكەی هاوبەشی سان ئەنتۆنیۆ لە ویلایەتی تەكساس-ەوە بگوازرێتەوە بۆ فەرماندەیی باشوور كە سەرۆكایەتی چالاكییە سەربازییەكان دەكات لە ئەمریكای لاتین.

ڕاگەیەنراوەكەی پەنتاگۆن دوای ئەوەدێت مانگی ڕابردوو ڕۆژنامەی (نیویۆرك تایمز) بڵاویكردەوە مارك ئەسپەر، وەزیری پێشووی بەرگری و مارك میلی، سەرۆكی دەستەی ئەركانی هاوبەش ڕەزامەندیدان لەسەر پلەبەرزكردنەوەی هەردوو جەنەڕاڵەكەی لە ساڵی 2020دا دواخستووە.

ئیسپەر و میلی بڕیاریانداوە پێشنیاری ڤان ئۆفۆست و ریچاردسۆن بۆ پۆستی نوێ نەكەن، بۆ پارێزگاریكردن لە ژیانی پیشەییان، بەهۆی ئەوەی هەردووكیان دوودڵبوون لەوەی ترەمپ ڕەزامەندی بدات لەسەر دانانی ژنان لە پۆستی فەرماندەییدا و، لە جێی ئەوان دوو كەسی دیكەیان پاڵاوتووە.

س: THE HILL و ئەلحوڕە

بابەتی پێشتر

ئەنچلۆتی: ئەگەر کات بگەڕێتەوە یاریزانێک بۆ ئێڤەرتۆن دەکڕم

بابەتی دواتر

لە هەرێمی کوردستان 344 کەسی دیکە توشی کۆرۆنا بوون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share