ئەمریكا جارێكی دیكە جەخت دەكاتەوە كە وەڵامی هێرشە موشەكییەكان دەداتەوە

وەزیری بەرگریی ئەمریكا ئاشكرایكردووە، وڵاتەكەی وەڵامی هێرشە موشەكییەكانی سەر عەین ئەسەد دەداتەوە لە عێراق “لەو كات و شوێنەی كە خۆی دیاری دەكات”.

لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریكا ئەمڕۆ یەكشەممە 7ی ئازار، لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ئەی بی سی ڕایگەیاندووە، “ئەمریكا وەڵامی هێرشە موشەكییەكانی سەر بنكەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە عێراق دەداتەوە، لەو كات و شوێنەی خۆمان دیاریان دەكەین”.

وەزیرە ئەمریكییەكە ئەوەشی وتووە، “پەنتاگۆن لە هەڵسەنگاندنەكانی بەردەوامە بۆ دیاریكردنی لایەنی بەرپرس لەو هێرشانە، كە بووە هۆی گیان لەدەستدانی بەڵێندەرێكی ئەمریكیی سڤیل لە بنكەی عەین ئەسەد”.

ئاشكراشیكردووە، “دەمانەوێت جەخت لەوە بكەینەوە كە دەزانین كێ بەرپرسە لەو هێرشانە، پەیامی ئێمەش بۆ ئەو لایەنانە ئەوەیە كە ئەوەی پێویست بێت دەیكەین بۆ بەرگریكردن لە خۆمان”.

بەیانیی ڕۆژی 3ی ئازار، 10 موشەك ئاڕاستەی بنكەی ئاسمانیی عەین ئەسەد كران، ئەوەش لەكاتێكدابوو كە هێزەكانی هاوپەیمانان لەو بنكەیەدا بوون.

بابەتی پێشتر

بەم نرخەی ئێستای نەوت حكومەتی هەرێم دەتوانێت موچە بەبێ لێبڕین دابەش بكات؟

بابەتی دواتر

پێشەنگای بازرگانیی ئۆنلاین بە هاوبەشی نێوان چین و هەرێم بەڕێوەدەچێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share