وەزیری ئاوەدانكردنەوەی هەرێم ڕایگەیاند، ئەمڕۆ بانگهێشتنامە بۆ سێ گەورە كۆمپانیای جیهانی دەنێرن بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندنی دارایی بۆ پرۆژەی هێڵی ئاسنینی هەرێم بكەن.
ئەمڕۆ سێشەممە 2ی ئازار، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی هەرێم ڕایگەیاند، “ئێستا ئامادەین بۆ بانگهێشتكردنی ئەو كۆمپانیایەی دیاریكراون بۆ قۆناغی سەرەتایی پرۆژەی هێڵی ئاسنینی كوردستان، ئەمڕۆ بانگهێشتنامەكان واژوو دەكەین”.
وەزیری ئاوەدانكردنەوەی هەرێم وتیشی، “هێڵی ئاسنینی هەرێم، پرۆژەیەكی گرنگە و هەرێمی كوردستان دەباتە قۆناغێكی گرنگەوە لە بواری گواستنەوە و هاتوچۆی هاوڵاتییان، هیوادارین سەرەتایەكی ڕاست و دروستمان دەستپێكردبێت”.
دانا عەبدولكەریم ئەوەشی خستەڕوو، “هیوادارین ئەو كۆمپانیایانە بتوانن لەماوەی دیاریكراودا هەڵسەنگاندنە داراییەكەی خۆیان ئامادە بكەن، وەك وەزارەتیش هەموو هەوڵێك دەدەین هەرێمی كوردستان لەڕووی سەلامەتیی هاتوچۆ و زیادكردنی داهاتەوە ڕۆڵی خۆمان ببینین”.
“هیوادارین لە چەند ساڵی ئایندەدا بە چاوی خۆمان ببینین كە هەرێم خاوەنی هێڵی ئاسنینە”، وەك وەزیری ئاوەدانكردنەوە ئاماژەی پێكرد.
ئەوەشی وت، “ئەم پرۆژەیە بە سێ قۆناغی سەرەكی و شەش ئاست بە تەواوەتی جێبەجێ دەكرێت و دەكەوێتە كار، دەبوایە ساڵی پار ئەم پرۆسەیەمان ئەنجامبدایە، بەڵام بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە نەمانتوانی كارەكانمان لەكاتی خۆیدا بكەین، بۆ ئەم هێڵەش لە ساڵی 2012ەوە ماستەرپلانی بۆ كراوە”.
سەبارەت بە ئەو كۆمپانیایانەی بانگهێشت دەكرێت بۆ پرۆژەكە، وەزیرەكەی هەرێم ئاشكرایكرد، یەكێك لەو كۆمپانیایانە ئەڵمانییە و دووانی دیكەشیان ئیسپانین، كاری سەرەتای ئەوان هەڵسەنگاندنی بەهای پرۆژەكەیە.
“درێژی هڵێ ئاسنینی هەرێمی كوردستان 915 كیلۆمەترە، تێچووی پرۆژەكەش بە گوێرەی پێشبینییەكانی ئێمە لە سەرووی ملیارێك دۆلارەوە دەبێت، لەم كابینەیەدا دەست بە جێبەجێكردنی دەكرێت بەڵام نازانین تەواو دەبێت یان نا”، دانا عەبدولكەریم وتی.