كازمی: پەسەندكردنی یاسای كچان و ژنانی ڕزگاربووی ئێزدی هەنگاوێكی گرنگە بۆ دەستەبەركردنی دادپەروەری

مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، پەسەندكردنی یاسای “كچان و ژنانی ڕزگاربووی ئێزدی” بە “هەنگاوێكی گرنگ بۆ دەستەبەركردنی دادپەروەری” ناوزەد دەكات.

دوێنی دووشەممە 1ی ئازار لە دانیشتنی ژمارەی 38ی خۆیدا بە سەرۆكایەتیی محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمان، پەرلەمانی عێراق یاسای “كچان و ژنانی ئێزدیی ڕزگاربووی دەستی داعش”ی پەسەند كرد.

ئەمڕۆ سێشەممە 1ی ئازار، مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕاگەیەندراوێكی لەو بارەیەوە بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، “پەسەندكردنی یاسای كچان و ژنانی ڕزگاربووی ئێزدی و كچانی تری عێراق، هەنگاوێكی گرنگە بۆ دەستەبەركردنی دادپەروەری.”

وتیشی، “حكومەتی عێراق هەموو هەوڵەكانی دەخاتەگەڕ بۆ جێبەجێكردنی یاساكە.”

پێشتر و دوای پەسەندكردنی ئەو یاسایە، بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق لە تویتێكیدا نووسیبووی، “په‌سه‌ندکردنی یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدیی ده‌ستی داعش لەلایه‌ن ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، هاوکارییە بۆ ساڕێژی زامی قوڵی پاکیزه‌کانی شه‌نگال”.

بەرهەم ساڵح ئەوەشی خستبووەڕوو، “یاساکە له‌لایه‌ن سه‌رۆکایه‌تیی کۆمار پێشکه‌ش كرا، كە هه‌وڵێکه‌ بۆ به‌دیهێنانی دادپه‌روه‌ری و سزادانی تاوانبارانی داعش و ڕزگاركردنی ڕفێندراوەکان”.

لەلایەكی دیكەوە، نادیە موراد، كچە ڕزگاربووی دەستی داعش لە تویتێكدا نووسی، “یاسای ڕزگاربووانی كچان و ژنانی ئێزدی لە عێراق هەنگاوێكی گرنگە بۆ داننان بەوەی توندوتیژییە سێكسییە بەهۆی جیاوازی كۆمەڵایەتییەوە، ئەوەش وا پێویست دەكات قەرەبووی ڕزگاربووان بكرێتەوە.”

ئامانج لەو یاسایە، قەرەبووكردنەوەی كچان و ژنانی ئێزدی ڕزگاربووی دەستی داعشە، لەگەڵ بڕینەوە موچە بۆیان و پێدانی پارچەیەك زەوی و فەراهەمكردنی ژیانێكی شایستە و دابینكردنی خزمەتگوزاریی پزیشكی و تێكەڵكردنەوەی منداڵەكانیان بە كۆمەڵگا.

بابەتی پێشتر

نرخی کارەبای مۆلیدە لە سلێمانی دیاریکرا

بابەتی دواتر

ئەمریكا داوای هەڵوەشاندنەوەی هێزێكی سەر بە شازادەی جێنشینی سعودیە دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share