پارتێكی توركمانی، دژی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستانە بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەڕێگەی پێكهێنانی هێزێكی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراقەوە.
لەكاتێكدا هەوڵدەدرێت هێزێكی هاوبەش لە پێشمەرگە و سوپای عێراق پێكبهێنرێت، نەبیل بەكر، جێگری سەرۆكی پارتی توركمان ئیلی ڕایگەیاند، “دەستوور ئەركی پێشمەرگەی بەوە دیاریكردووە كە پاسەوانی هەرێمە و بڵاوبوونەوەیان لە سێ پارێزگاكەی هەولێر و سلێمانی و دهۆكدا دەبێت.”
لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا نەبیل بەكر وتیشی، “پێكهێنانی هێزی هاوبەش زیان بە ئاشتیی كۆمەڵایەتی دەگەیەنێت و دەستوور پێشێل دەكات و ئێمە بە توندی لەدژین، بەتایبەت لەكاتێكدا بارودۆخی كەركوك بەهۆی هێزە فیدراڵییەكانی عێراقەوە جێگیرە.”
جێگری سەرۆكی پارتی توركمان ئیلی هەڕەشەی كاردانەوە دەكات و دەڵێت، “ئەگەر هێزی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق پێكبهێنرێت، توركمان و عەرەب هەڵوێستیان دەبێت.”
وتەكانی ئەو كاربەدەستە حزبییەی توركمان دوای ئەوە دێن كە جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان ڕایگەیاندبوو، “هەولێر و بەغداد ڕێككەوتوون هێزێكی هاوبەش لە پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچەكانی نێوان بەغداد و هەولێردا پێكبهێنرێت.”