لەنێو وڵاتانی بەرهەمهێنی ئاسن، وڵاتی چین بە ڕێژەیەكی زۆر پێشەنگی گرتووە، لەنێو وڵاتانی عەرەبیش میسر پێشەنگە.
بەگوێرەی ئەو ئامارەی بلۆمبێرگ بڵاویكردووەتەوە، چین بە بەرهەمهێنانی ملیارێك و 53 ملیۆن تۆن ئاسن لە ساڵی 2020دا گەورەترین بەرهەمهێنی ئاسنە لە جیهاندا.
بەگوێرەی هەمان پێگە، لە ڕیزبەندی دووەمیشدا هیندستان بە بەرهەمهێنانی 109 ملیۆن و 300 هەزار تۆن ئاسن پێشەنگی گرتووە، لە پاش هیندستانیش بە بەرهەمهێنانی 104 ملیۆن و 300 هەزار تۆن یابان پلەی سێیەمی وڵاتانی بەرهەمهێنی ئاسنی گرتووە.
هەروەها، ئەمریكا لە ساڵی 2020دا 86 ملیۆن و 600 هەزار تۆن ئاسنی بەرهەمهێناوە و ڕیزبەندی چوارەمی گرتووە، كۆریای باشووریش بە 72 ملیۆن و 500 هەزار تۆن و ڕوسیاش بە 72 ملیۆن تۆن ڕیزبەندی پێنجەم و شەشەمی وڵاتانی بەرهەمهێنی ئاسنیان گرتووە.
وڵاتانی دیكەی جیهان، 372 ملیۆن تۆن ئاسنیان لە 2020دا بەرهەمهێناوە.
سەبارەت بە وڵاتانی عەرەبی، بلۆمبێرگ ئاشكرایكردووە، وڵاتی میسر 8 ملیۆن و 300 هەزار تۆن ئاسنی لە 2020دا بەرهەمهێناوە و ڕیزبەندی یەكەمی وڵاتانی عەرەبی گرتووە، دوای ئەویش لە پلەی دووەمدا سعودیە دێت كە 7 ملیۆن و 800 هەزار تۆن ئاسنی بەرهەمهێناوە و ئیماراتیش بە بەرهەمهێنانی 2 ملیۆن و 700 هەزار تۆن ئاسن پلەی دواتری گرتووە.