كازمی.. ئەو سەرۆكوەزیرانە شیعەیەی نانی شیعەكانی لەتكرد

مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی حكومەتی كاتیی عێراق، كارەكتەرێكی سیاسی كە زۆرترین قسەوباسی بەدوای خۆیدا هێناوە، بەشێك بە كاریزما و فریادڕەس وێنای دەكەن، بەشێكی تریش بە نمایشكارێكی بێبەرهەم. لەم ڕاپۆرتە شیكارییەی “ئێستا”دا، بۆچوونی بەشێك لە خوودی لایەنە شیعە حكومڕانەكان خراوەتەڕوو، كە هەندێكیان، بە توندیی هێرشدەكاتە سەر كازمی و بە شكستخواردوو ناوزەدی دەكات.

كابینەی ئێستای حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتیی مستەفا كازمی، بەرئەنجامی خۆپیشاندانە بەرفراوان و سەرتاسەرییەكەی ئۆكتۆبەری ڕابردووی عێراق و دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیرانی ئەوكات و حكومەتەكەی، پێكهێنرا. ئەم كابینەیە كە كاتییە و لە بنەڕەتدا بۆ بەدەمەوەچوونی بەشێك لە داخوازییە سەرەكییەكانی خۆپیشاندەران، لەوانە سزادانی بكوژانی خۆپیشاندەران و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی پێشوەختە و ئەنجامدانی چاكسازیی خێرا، ئەركی بەڕێوەبردنی عێراقی پێسپێردراوە، ڕوبەڕووی چەندین ڕەخنە بووەتەوە، تەنانەت نێوماڵی شیعەی پەرتكردووە، پەرتكردن و درزتێخستنێك، كە یەكەمجارە لە دوای ساڵی 2003 و گۆڕینی ڕژێمی حكومڕانیی عێراق و ئاوەژۆكردنی سیستمی سیاسی و هاوكێشەكانی، لەنێوان شیعەكاندا دێتە ئاراوە.
باڵندەی بەخت لەسەر شانی مستەفا كازمی نیشتەوە
دوای ئەوەی لە كۆتاییەكانی ساڵی ڕابردوودا و لە ژێر فشاری خۆپیشاندەران و پاڵەپەستۆی شەقامدا، حكومەتەكەی عەبدولمەهدی دەستیلەكاركێشایەوە، ڕێكارە دەستوورییەكان، لایەنەكانی بەشدار لە پرۆسەی سیاسیی عێراقیان ناچاردەكرد حكومەتێكی كاتیی پێكبهێنن، بەڵام خۆپیشاندەران و تەنانەت بەشێك لە خوودی لایەنەكان، پتر لە كاندیدێكی پۆستی سەرۆكوەزیرانیان ڕەتكردەوە، هاوكێشەیەكی ئاڵۆز، كە بەدەر نەبوو لە دەستێوەردانی دەرەكی، بە تایبەتی لەلایەن دوو جەمسەرە هەرە كاریگەرەكەی نێو ڕووداوە سیاسییەكانی عێراق، ئەوانیش ئەمریكا و ئێران بوون، كە هەرجارەو لایەنێكیان، هەژموون و فشارەكانی دەخستەگەڕ، بۆ ڕەتكردنەوەی كاندیدی دڵخوازی لایەنی دژ و بەرابەر.
بەرئەنجامی هەموو ئەو ئاڵۆزییانەی خۆیان خزاندبووە پرۆسەی سیاسیی عێراقەوە، دواجار باڵندەی بەخت لەسەر شانی مستەفا كازمی نیشتەوە بۆ بوونی بە سەرۆكوەزیران.
بەوپێیەی كازمی شیعەمەزهەبە و پێشتر كاربەدەستی دەوڵەتی زۆرینە شیعە بووە، بە دیوی دووەمیشیدا نزیك لە ئەمریكایە، واچاوەڕوان دەكرا كۆدەنگیی یاخود لایەنی كەم، ئاستێكی بەرز لە سازانی نێوان لایەن و وڵاتە دژبەیەكەكان سەبارەت بە عێراق، مسۆگەر بكات. بەڵام دوای ماوەیەكی كەم لە دەستبەكاربوونی كازمی وەك سەرۆكوەزیران، بڕیاری دەوڵەتدارییانە و ڕەفتاری سیاسییانەی ناوبراو، بە تایبەت گەمەی زیاتر خۆنزیككردنەوەی لە ئەمریكا، گۆمی ڕوو لە مەنگبوونی دۆخی سیاسیی عێراقیان زیاتر لە جاران شڵەقاند، بە جۆرێك بەشێكی زۆر لە لایەنە سەرەكییەكانی حكومڕانی، لەوانە هاوپەیمانیی فەتح بە سەرۆكایەتیی هادی عامری و دەوڵەتی یاسا كە نوری مالكی سەرۆكایەتی دەكات، بەرەیەكی تایبەت بە خۆیان هەڵبژارد، كە دژایەتیكردنی كازمی و كابینەكەیەتی.
دژەکانی چی دەڵێن؟
دژبەرانی كازمی، تۆمەتباری دەكەن بەوەی دەستكەوتی سیاسی و كارگێڕی و ئابوریی ئەوتۆی بۆ عێراقییەكان نەچنیوەتەوە، تەنانەت كار گەیشتووە بەوەی دوو پەرلەمانتاری ئەو دوو فراكسیۆنە گەورە و دوو لایەنە سیاسییە گەورەیەی عێراق، لە هەڵسەنگاندنی كازمی دا وەك دەوڵەتمەدار بڵێن، “هەر خەریكی سێڵفیگرتن و وێنە بڵاوكردنەوەیە”، دەستەواژەیەك، كە هاوكاتی چەندین تانە و تۆمەتی تر، لە لێدوانەكانیاندا بۆ “ئێستا”، ئەو دوو پەرلەمانتارە ڕوبەڕووی (كازمی)یان كردنەوە.
بەها نوری، ئەندامی فراكسیۆنی دەوڵەتی قانون لە پەرلەمانی عێراق، ڕەخنەی توندی گرت لە كازمی و كابینەكەی و لە لێدوانێكدا بۆ “تۆڕی میدیایی ئێستا” وتی، “كازمی هیچ بڕگەیەكی كارنامەی حكومەتەكەی جێبەجێ نەكردووە و داخوازیی شەقامی بەجێنەهێناوە، كابینەكەی كازمی پشتبەستوو نییە بە سیاسەتی كارگێڕی و بەڕێوبردنی دەوڵەت، بەڵكو سیاسەتەكانی ناچوونیەك و جیاوازن، سیاسەتی دارایی جیاوازە لە سیاسەتی ئەمنی و سیاسەتی وەبەرهێنان و ئابوری، ئەمانە لە حكومەتدا تێكەڵكراون.”
پەرلەمانتارەكەی فراكسیۆنەكەی نوری مالكی لە پەرلەمانی عێراق، پێیوایە كە مستەفا كازمی “لە تەوەرەكانی كارنامەكەی لایداوە و هەموو كارەكانی لە گواستنەوە و لەكارلادانی كۆمەڵێك بەرپرس و بانگەشەی میدیایی و سێڵفیگرتن و بڵاوكردنەوەی وێنەدا كورتكردووەتەوە، لەكاتێكدا دەبوو كاربكات بۆ بەڕێوبردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە و گێڕانەوەی شكۆی دەوڵەت و ڕوبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا، كەچی لە زۆربەی ئەو دۆسییەیانەدا شكستیهێنا، بە تایبەت لە بەگژداچوونەوەی كۆرۆنادا، ئەوەش وایكردووە ڕۆژانە عێراق زۆرترین ڕێژەی مردن بە كۆرۆنا تۆماربكات بەراورد بە وڵاتانی عەرەبی.”
بەها نوری، حكومەتەكەی كازمی تۆمەتباردەكات بەوەی بەرهەمی بەرچاوی نەبووە و بەشێك لە وەزیرەكانی بە بێتوانا و نەشیاو ناوزەد دەكات و دەڵێت، “بەشێك لە وەزیرەكانی كابینەكە لێهاتوون، بەڵام زۆرێكیان بێتوانا و نەشیاون، لەوانە وەزیری دارایی كە پلان و سیاسەتی دارایی نییە و تەنها پشت بە قەرزكردن دەبەستێت، داهاتی وڵات بە ڕێژەیەكی زۆر كەمیكردووە و حكومەت توانای چارەسەركردنی قەیرانەكان و خزمەتكردنی هاوڵاتییانی نییە، تەنانەت لە دابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگانەدا حكومەت پاشەكشەی كردووە، سەرباری دواكەوتنی موچە كە ئێستا كار گەیشتووە بەوەی دابەشكردنی موچە وەك دەستكەوتێكی مەزن سەیربكرێت.”
“كازمی و حكومەتەكەی لە دۆسییەی كۆرۆنادا شكستیانهێنا”

بۆ وەرگرتنی بۆچوونی لایەنی تر سەبارەت بەم كابینەیەی حكومەتی عێراق و شێوازی بەڕێوەبردنی بۆ وڵات و كار و دەستكەوتەكانی، “تۆڕی میدیایی ئێستا” پەیوەندی بە تامر زیبان، ئەندامی هاوپەیمانیی فەتح لە پەرلەمانی عێراق كرد و ناوبراو ڕایگەیاند، “حكومەتەكەی كازمی بە ڕێككەوتن پێكهێنرا، بەوپێیەش دەبوو كۆمەڵێك ئەرك ڕابپەڕێنێت، وەك زەمینەسازی بۆ هەڵبژاردن و گێڕانەوەی شكۆی دەوڵەت و ئارامكردنەوەی دۆخی ئەمنیی شارەكان و چارەسەركردنی قەیرانی دارایی و ڕوبەڕوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا، بەڵام كازمی و حكومەتەكەی لە دۆسییەی كۆرۆنادا شكستیانهێنا و لەڕووی ئابوورییشەوە حكومەت هەوڵی قەرزكردن دەدات و مووچە دابەش ناكات و پەیوەستی دەكات بە قەرزكردنەوە، كە ئەوەش كارێكی نادروستە.”
ئەو ئەندامەی هاوپەیمانیی فەتح كە هادی عامری سەرۆكایەتیی دەكات، وتیشی، “پێویست بوو حكومەت بە داهاتی نەوت و دەروازە سنوورییەكان مووچە دابین بكات، نەك پەنابباتە بەر قەرزكردن.”
لە درێژەی لێدوانەكەیدا زیبان ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە “لە كابینەكانی پێشووی حكومەتدا قەیرانی دارایی هەبوو، تەنانەت هەندێك كات نرخی بەرمیلێك نەوت بۆ كەمتر لە 10 دۆلار دابەزیوە، بەڵام سەرباری ئەوەش مووچە دابەشكراوە.”
کازمی و ئاڵەنگارییەکانی بەردەمی
لای خۆیەوە عەلی جومەیلی، ڕۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی سەربەخۆ لە بەغداد-ـەوە وتی، “حكومەتەكەی كازمی لەبەردەم چەند ئاڵەنگارییەكدایە، یەكێك لەوانە بوونی هەندێك لایەنی نزیك لە ئێرانە بە ئۆپۆزسیۆن.”
بە گوتەی جومەیلی، “ئێستا كازمی لە قۆناغێكی شەرمهێن و سەختدایە، چونكە بەڵێنی چاكسازی و دۆزینەوەی بكوژانی خۆپیشاندەرانی بە شەقام داوە، پەرلەمانیش بەمدواییانە پابەندی كردووە لەبەرامبەر وەرگرتنی قەرزدا، چاكسازی ئەنجام بدات، بەڵام حكومەتەكەی كازمی هیچكام لەو بەڵێنانەی بەجێنەهێناوە، نە بكوژانی خۆپیشاندەرانی ئاشكراكردووە و نە چاكسازی كردووە.”
بە بڕوای ئەو چاودێرە سیاسییە، كازمی لە ڕاپەڕاندنی ئەركەكانی و بەجێگەیاندنی بەڵێنەكانیدا سەركەوتوو نابێت، لەو سۆنگەیەوە وتی، “لەكاتێكدا هاوڵاتییان چاوەڕوانی كار و بەرهەم و چارەسەركردنی كێشەكانن، پێناچێت كازمی بتوانێت داخوازییەكانیان بەجێبهێنێت، چونكە قەیرانەكان هێندە زۆرن، چارەسەركردنیان نیمچە ئەستەمە.”
بابەتی پێشتر

ڕێگە بە بەشێك لە دەستبەسەركراوان دەدرێت كامپی هۆل جێبهێڵن

بابەتی دواتر

لە خۆپیشاندانەكەی كەربەلا دا زیاتر لە 100 كەس برینداربوون

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

یەكێتی بڕیاریدا و دەنگدەدات

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاویكردەوە، دەنگ بە پڕۆژەیاسای ئاسایشی خۆراك دەدەن. هەرێم كەمال ئاغا سەرۆكی فراكسیۆنی…
Total
0
Share