وەزیری كشتوكاڵی هەرێم ئەمڕۆ سێشەممە 6ی تشرینی یەكەم ڕایگەیاند، پێشنیاری درێژكردنەوەی ماوەی گەڕاندنەوەی قەرزی كشتوكاڵی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەندكراوە.
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم ڕایگەیاند، دوای پێشنیاریان بە درێژكردنەوەی ماوەی گەڕانەوەی قەرزی كشتوكاڵی، سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیارەكەی پەسەندكرد و وەزارەتی دارایی و ئابوریش ئاگاداری كردوونەتەوە لەسەر كەوتنە بواری جێبەجێكردنی بڕیارەكە.
بێگەرد تاڵەبانی، لە فەیسبوكی خۆی نوسیویشیەتی، “لە پێشنیارەكە داوایان كردووە ماوەكە بەمشێوەیەی خوارەوە درێژ بکرێتەوە و ئەوەش پەسەندكراوە.
یەكەم_ پێشینەی (80 ملیۆن دیناری) ڕێژەی (40%) لەبری دانەوەی ساڵانە كەمكرایەوە.
دووەم_ پێشینەی (150 ملیۆن دیناری) ڕێژەی (50%) لەبری دانەوەی ساڵانە كەمكرایەوە.
سێ یەم_ پێشینەی (500 ملیۆن دیناری) ڕێژەی (60%) لەبری دانەوەی ساڵانە كەمكرایەوە”.