وتەبێژ بەناوی حكومەتی ئێران ڕایدەگەیەنێت، وڵاتەكەی دڵنیایە لە هەڵگرتنی سزاكانی ئەمریكا سەرەڕای بەردەوامی “ناكۆكییە دیپلۆماسییەكان”.
هەریەك لە ئێران و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ناكۆكن لەسەر ئەوەی كێ دەبێت هەنگاوی یەكەمی زیندوكردنەوەی ڕێككەوتنی ئەتۆمیی 2015 بگرێتەبەر.
تاران سوورە لەسەر ئەوەی پێویستە هەنگاوەكە لەلایەن واشنتن-ەوە بێت بۆ هەڵگرتنی ئەو سزایانەی لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشووەوە دانراون، لەكاتێكدا ئەمریكا دەڵێت، دەبێت ئێران یەكەمجار بگەڕێتەوە بۆ پابەندبوونی تەواوتی بە ناوەرۆكی ڕێككەوتنەكەوە.
لەو چوارچێوەیەشدا عەلی ڕەبیعی، وتەبێژ بەناوی حكومەتی ئێران ڕۆژی شەممە 20ی شوبات وتی، وڵاتەكەی دڵنیایە لە بەمزوانە هەڵگرتنی سزاكانی ئەمریكا سەرەڕای بەردەوامیی “ناكۆكییە دیپلۆماسییەكان” دەربارەی زیندووكردنەوەی ڕێككەوتنی ئەتۆمی.
ڕۆژێك پێشتریش كۆشكی سپی ڕایگەیاند، ویلایەتە یەكگرتووەكان نایەوێت هیچ هەنگاو و ڕێوشوێنێكی دیكە بۆ فشارخستنەسەر ئێران بگرێتەبەر بەر لە وتوێژەكانی لەگەڵ وڵاتەكە و گەورە وڵاتانی دیكە دەربارەی گەڕانەوە بۆ ڕێككەوتنی ئەتۆمی.
بەپێی ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ گەورە وڵاتدا، ئێران ڕەزامەندیدا لەسەر سەپاندنی كۆتوبەند بەسەر بەرنامە ئەتۆمییەكانی لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزا نێودەوڵەتییەكان، بەڵام ئەمریكا سزاكانی دەستپێكردەوە پاش كشانەوەی ترەمپ لە ڕێككەوتنەكە لە ساڵی 2018دا و لە وەڵامیشدا ئێران بە پابەندنەبوون بە هەندێك لە بەندەكانی ڕێككەوتنەكە وەڵامیدایەوە.
س: مۆنت كارلۆ