سەرۆکوەزیرانی ڕوسیا ئاشکرایکرد، حکومەت ڕەزامەندی نیشانداوە لەسەر سێهەمین ڤاکسینی کۆرۆنا و لەمەودوا ئەو ڤاکسینەش دەچێتە ڕیزی ڤاکسینەکانی دیکەوە.
مخایل میشوستین، سەرۆکوەزیرانی ڕوسیا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ 20 ی شوبات ڕایگەیاند، “ڤاکسینە نوێیەکە ناوی (CoviVac) ە و لەلایەن ناوەندی زانستی چاماکوفەوە بەرهەمهێنراوە”.
سەرۆکوەزیرانی ڕوسیا ڕایگەیاندووە، ئێستا ڕوسیا تاکە وڵاتە کە سێ ڤاکسینی کۆرۆنای کاریگەری هەیە و سود لە هەر سێ ڤاکسینەکە وەردەگرێت بۆ کەمکردنەوە و هێواشکردنەوەی شەپۆلەکانی کۆرۆنا.
بەپێی زانیاری میدیا ڕوسییەکان جیاوازی ئەم ڤاکسینە لەگەڵ دوو ڤاکسینەکەی دیکەدا ئەوەیە کە لە هەمان ڤایرۆس واتە ڤایرۆسی ناچالاک دروستکراوە و ئەوەش بە ڕێگەیەکی سەرکەوتوو دادەنرێت بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی خودی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
بەپێی ڕیزبەندی کاتی دروستکردنی ڤاکسین، ڕوسیا یەکەمین وڵات بوو کە ڤاکسینی “سپۆتنیک”ی ڕاگەیاند و دواتریش ڤاکسینی “ئیپی ڤاک کۆرۆنا”ی ڕاگەیاند، بەم ڤاکیسنەی ئەمڕۆش وڵاتەکە دەبێتە خاوەنی سێ جۆر ڤاکسین.