سەرچاوەیەك لە پەرلەمانی عێراق: پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا نیمچە ڕێككەوتنێكی لەبارەوە كراوە

سەرچاوەیەك لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرایكرد، نیمچە ڕێككەوتنێك لەبارەی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا كراوە و هەفتەی داهاتوو دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای بودجە دەدرێت بەمەبەستی پەسەندكردنی.

ئەمڕۆ هەینی 19ی شوبات، سەرچاوەیەك لە لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند، “هەفتەی داهاتوو پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 دەخرێتە دەنگدانەوە.”

وتیشی، “لایەنە سیاسییەكان گەیشتوون بە نیمچە ڕێككەوتنێك لەبارەی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا و هیچ نیازێك نییە بۆ گەڕاندنەوەی پرۆژەیاساكە بۆ حكومەت.”

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیەی لیژنەی دارایی، دوای تەواوبوونی هەموارەكان و ڕێككەوتن لەبارەیانەوە، لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوودا پرۆژەیاسای بودجە دەخرێتە دەنگدانەوە بەمەبەستی پەسەندكردنی.”

پێشتر شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاندبوو، “بەهۆی دواكەوتنی ڕێككەوتن لەسەر بڕگەی تایبەت بە پشكی هەرێم، دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق دەكەوێتە هەفتەی داهاتوو.”

ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوە كردبوو كە تائێستا ئەو بڕگەیەی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 كە تایبەتە بە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا و پابەندییەكانی حكومەتی هەرێم لە پرۆژەیاسای بودجەدا، پرۆژەیاساكە یەكلایی نەبووەتەوە و “چاوەڕواندەكرێت لە هەفتەی داهاتوودا پشكی هەرێمی كوردستان یەكلایی بكرێتەوە و پرۆژەیاساكە بخرێتە دەنگدانەوە بە مەبەستی پەسەندكردنی.”

دوێنێ پێنجشەممە 18ی شوبات، شاندی باڵای هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی قوباد تاڵەبانی بە جیا لەگەڵ هەریەك لە مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق و محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دا كۆبووەوە.

لەو دوو كۆبوونەوەیەدا گفتوگۆكرا لەبارەی پرسی بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی دارایی 2021 و جەختکرایەوە لەسەر بەردەوامبوونی وتووێژ و دانوستاندنەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ بەپێی دەستوور، بەجۆرێك كە ڕێككەوتن لەسەر پشكی هەرێم بكرێت و سامانی عێراق دادپەروەرانە بەسەر هەموو پێكهاتەكاندا دابەش بكرێت.

بابەتی پێشتر

سەدر هەڕەشەی لەناوبردنی بەعسییەكان دەكات

بابەتی دواتر

ئیدارەی بایدن: هیچ مەرجێكی پێشوەختەمان بۆ وتوێژ لەگەڵ ئێراندا نییە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share