سەرۆک بەرھەم جەختدەکاتەوە لە گرنگیی بەهێزکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت و چەسپاندنی سەروەریی یاسا و ڕیشەکێشکردنی تیرۆر.
د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی شوبات لە کۆشکی سەلام لە بەغداد پێشوازیکرد لە ستیڤین هیکی، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و سەبارەت بە پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە گفتوگۆکرا.
لەو دیدارەدا گفتوگۆکرا دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و گرنگیی هاریکاری و هەماهەنگیی نێوان عێراق و بەریتانیا، بەجۆرێک خزمەت بە ئاشتی و ئارامیی ناوچەکە بکات.
لە دیدارەکەدا سەرۆککۆمار رایگەیاند، “حکومەتی عێراق هەنگاودەنێت بە ئاڕاستەی بەھێزکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت و چەسپاندنی سەروەریی یاسا بە ھاوکاریی هەوڵە نیشتمانییەکان لەلایەن ھێزە جیاوازەکان، بۆ پشتیوانی لە سەپاندنی دەسەڵاتی یاسا و پاراستنی ئاسایش و ئارامیی ھاوڵاتییان و ڕیشەکێشکردنی پاشماوەکانی تیرۆر و ڕاوەدونانی ئەو گرووپانەی لە دەرەوەی یاسان.