ئەنجومەنی دادوەریی ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی سزادانی بەندکراوەکانی بادینان بڵاوکردەوە

ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی شوبات لەبارەی سزادانی پێنج ڕۆژنامەنوس و چالاکوان لە دادگای پێداچوونەوەی هەولێر ڕایگەیاند کە پرۆسەی دادگاییکردنەکە لەسەر بنەمای دادگەری بووە.

لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، “دوێنێ رێكه‌وتی 16/2/2021 داوای ژماره‌ (47/ج 2 / 2021) كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ بینینی كه‌یسی چه‌ند تۆمه‌تبارێك، به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆكی یه‌ده‌گی دادگای تاوانی هه‌ولێر/2 به‌ڕێوه‌چوو. به‌ پێی یاساش سه‌رۆكی یه‌ده‌گ له‌ كاتی نه‌بوونی سه‌رۆكی دادگا، شوێنی ده‌گرێته‌وه‌ چونكه‌ سه‌رۆكی دادگا به‌هۆی تێكچوونی باری ته‌ندروستیه‌وه‌ ئێستا له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم چاره‌سه‌ری پزیشكی وه‌رده‌گرێت و ئه‌و كه‌یسه‌ هه‌ر له‌ دادگای تاوانی هه‌ولێر / 2 به‌ڕێوه‌ چووه‌ و ره‌وانه‌ی دادگایه‌كی دیكه‌ نه‌كراوه‌”.

لە ڕاگەیەنراوەکەی ئەنجومەنی دادوەریدا هاتووە، ” پرۆسه‌ی دادگاییكردنه‌كه‌ش به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشكرا و شه‌فاف و به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ په‌رله‌مانتارانی به‌ڕیز و نوێنه‌ری كۆنسوڵی وڵاتان و پارێزه‌رانی كه‌یسه‌كه‌ و نوێنه‌ری ڕێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامه‌نووس و ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن به‌ڕێوه‌چووه‌ و پرۆسه‌كه‌ش له‌سه‌ر بنه‌ماكانی دادگه‌ری بووه‌”.

ئەنجومەنەکە دەڵێت، ” ئه‌وه‌ی جێی سه‌یره‌ له‌ دوێنێوه‌ هه‌ندێ داموده‌زگای فه‌رمی و یاسایی ولایه‌نی سیاسی لێدوانی جیاجیایان له‌سه‌ر پرۆسه‌ی دادگاییكردن و بڕیاره‌كه‌ داوه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش بێگومان ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستێوه‌ردان له‌ كاروباری ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری، چونكه‌ دادگا نوێنه‌رایه‌تی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ده‌كات و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریش بڕوای به‌ بنه‌مای جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان هه‌یه‌ و نه‌ده‌بوو ئه‌و لایه‌نه‌ فه‌رمیانه‌ پێشێلی بنه‌مای جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان بكه‌”.

ئاماژە بەوەشکراوە کە ڕێكاری یاسایی هه‌یه‌ بۆ تانه‌ لێدان له‌و بڕیاره ‌و بێگومان پارێزه‌رانی كه‌یسه‌كه‌ تانه‌ پیشكه‌ش به‌ دادگای پێداچوونه‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئیتر پێویست به‌و هه‌موو لێدوان و ده‌ستێوه‌ردانه‌ له‌ كاروباری ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری نه‌ده‌كرد.

لە کۆتاییدا ئەنجومەنی دادوەری ڕایگەیاندووە، “هیوادارین ئه‌و جۆره‌ لێدوانانه‌ نه‌درێن تاوه‌كو بڕیاری كۆتایی له‌لایه‌ن دادگای تایبه‌تمه‌ند كه‌ دادگای پێداچوونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌ ده‌رده‌چێت و دادگای پێداچونه‌وه‌ش بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی خۆی له‌سه‌ر ئه‌م كه‌یسه‌ ده‌دات به‌ پێی یاسا”.

بابەتی پێشتر

سلێمانی.. كچە خوێندكارێك لە نهۆمی چواری خوێندنگاكەیەوە "كەوتە خوارەوە"

بابەتی دواتر

بە بڕیاری شانەی قەیرانەكان بۆ چەند ڕۆژێك هاتوچۆی نێوان كەركوك و هەرێم قەدەغە كرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share