وەزیری شارەوانیی هەرێم: زیاتر لە 5 هەزار شوێنی شوێنەواریمان هەیە

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم دەڵێت، دیزاینی مۆزەخانەی هاوچەرخی پایتەخت تەواو بووە، بە یەكێك لە شاكارە تەلارسازییەكان لە شاری هەولێر ناوی دەبات و ژمارەی شوێنە شوێنەوارییەكانی هەرێمیش ئاشكرا دەكات.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم، ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی شوبات، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاندووە، “لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 5 هەزار شوێنی شوێنەواریمان هەیە، بەڵام بەداخەوە ئەو خاكە دەوڵەمەندە بە شوێنەوار، تاوەكو ئێستا نەتواندراوە بۆ ڕاكێشانی گەشتیاری بیانی و دەروروبەر و تەنانەت گەشتیاری ناوخۆش سوودی لێ وەربگیرێت”.

ساسان عەونی ئەوەشی خستوەتەڕڕوو، “لەبەر ئەوەی شوێنە شوێنەوارییەكان زۆربەیان دوورەدەستن و لە دووری شارەكانن و پێویستیان بەوەیە ڕێگە و خزمەتگوزارییان بۆ ببردرێت تاوەكو گەشتیار بتوانێت سەردانی ئەو شوێنانە بكات”.

لەبارەی دروستكردنی مۆزەخانەی هاوچەرخی هەولێر، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەكردووە، “مۆزەخانەی هاوچەرخی پایتەختی كوردستان (هەولێر) دیزاینەكەی تەواو بووە و لیژنەیەكی تایبەتمەندیش لە ئەندازیارانی تەلارساز و ئەندازیارانی شارستانی و هەموو بوارەكانی تری ئەندازیاری لە دوا قۆناغەكانی وەرگرتنی ئەو دیزاینەین”.

“بە چوونە بواری جێبەجێكردنەوەوە یەكێك لەو شاكارە تەلارسازییانە دەبێت كە لە شاری هەولێر جێبەجێ دەكرێت و بۆ هەموو هەرێمی كوردستانیش دەتواندرێت سوودی لێ وەربگیرێت”، وەك وەزیری شارەوانیی هەرێم ئاماژەی پێكردووە.

ئەوەشی ڕاگەیاندووە، “مۆزەخانەی هەولێر پارچە و كەلوپەل و شوێنەواری یەكجار زۆری تێدایە، بەڵام بەهۆی بچووكی شوێنەكەیەوە وەكو پێویست نەتواندراوە سوودی لێ وەربگیرێت و لە مانگی سێ هەوڵ دەدەین لە كۆنفرانسێكی تایبەت بە شوێنەوار لەگەڵ شوێنەوارناسانی كوردستان و شارەزایان نەخشەڕێگایەك بۆ پەرەپێدانی ئەو سێكتەرە دابنێین”.

بابەتی پێشتر

عێراق: لە مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 61 ملیۆن مەتر سێجا لە پێکهاتەکانی نەوتمان بەرهەمهێناوە

بابەتی دواتر

سلێمانی.. كچە خوێندكارێك لە نهۆمی چواری خوێندنگاكەیەوە "كەوتە خوارەوە"

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share