شەوی ڕابردوو لە ناوەڕاستی شەوەوە ڕەشەبایەكی بەهێز پارێزگای سلێمانی گرتەوە و زیانی بە تۆڕی كارەبا و چەند شەقامێك گەیاندووە.
بەڕێوبەرایەتیی كارەبای سلێمانی بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی شوبات لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “بەهۆی بەهێزی ڕەشەبای ئەمشەو، بەشێک لە تۆڕەکانی دابەشکردنی کارەبای ناوشاری سلێمانی زیانی پێگەیشتووە، بێ کارەبا دەبن”.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا كارەبای سلێمانی ئاشكرایكردووە، “بە گوێرەی داتاکانی کۆنترۆڵی کارەبای سلێمانی 10 لاینی 132 کەی ڤی و 15 لاینی 33 کەی ڤی گواستنەوەی وزەی کارەبا و 279ی 11 کەی ڤی لە دەرەوە و ناوشار کەوتوون”.
كارەبای سلێمانی ئەوەشی خستوەتەڕوو، “تیمەکانی چاكسازیی کارەبای سلێمانی هەوڵی چارەسەرکردنی كێشەكان دەدەن، بۆ ئاسایی کردنەوەی بەرنامەی دابەشکردنەوەی کارەبا”.
ڕێكان جەمال، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “كاتژمێر 3ی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، ئاگاداركراینەوە لەوەی بەهۆی ڕەشەباوە دوو درەخت شكاوە و گرفتی هاتوچۆ دروست بووە، تیمەكانمان چووە شوێنەكان و شەقامەكانیان پاك كردەوە”.
وتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی ئاماژەی بەوەكرد، “تیمەكانمان لە ئامادەباشی تەواودان بۆ هەر ئەگەرێك”.
تەنانەت بەشێك لە هاوڵاتییانی شاری سلێمانی لە فەیسبووكی خۆیانەوە ئاماژەیان بەوەكردووە، “ڕەشەبا نەیهێشت بنوین”.
وێنەی هەندێك لە شەقامەكانی شارەكەش بڵاوكراونەتەوە، كە ڕەشەبا درەختی لەڕەگەوە دەرهێناوە.
لە ڕاگەیەندراوێكیشدا هاتوچۆی سلێمانی ڕایگەیاندووە، “ھاتوچۆی پارێزگای سلێمانی شۆفێرانی بەرێز ئاگادار دەکاتەوە، بەھۆی کەوتنی بورجێک لە نزیک شوقەکانی دەروازە ستی لاینێکی ئەو شەقامە بۆ ماوەیەکی کاتی بەربەست دەکرێت، تا ئەو بورجە ھەڵدەگیرێتەوە و لەوشوێنە لادەبرێت”.
لەلایەكی دیكەوە ڕۆژنامەنووسێكی گەرمیان بەناوی ئاراز محەمەد لە فەیسبووكی خۆیەوە چەند وێنەیەكی زیانەكانی كەلاری بەهۆی ڕەشەباوە بڵاوكردووەتەوە و هاوڵاتیان ئاگادار دەكاتەوە كە “ئاگادار بن”.
ئەو ڕۆژنامەنوسە نوسیویەتی، “هاوڵاتییانی خۆشەویست و کاسبکاران تکایە ئاگاداربن، بەهۆی ڕەشەبای ئەمشەوەوە بەشێک لە چینکۆی سەقفی کۆڵانەکانی ناوبازاڕ کەوتوونەتە خوارەوە، تکایە خۆتان بپارێزن”.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، “هەندێک لە ڕێگاکانی ناوشاریش بەهۆی کەوتنی درەختەوە گیراون”.
لە شاری دەربەندیخانیش هاوشێوەی سلێمانی و گەرمیان ڕەشەبایەكی بەهێز هەبووە و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ڕەنگی داوەتەوە.
بەڕێوبەرایەتیی كەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی كوردستان دوێنێ سێشەممە پێشبینیكرد كە خێرایی با بۆ ئەمڕۆ لە پارێزگای سلێمانی لەنێوان “20 بۆ 30 كیلۆمەتر بێت لە كاتژمێرێكدا”.