وەزارەتی پلاندانان: ڕێژەی هەژاری لە عێراق بەرزبووەتەوە

عەبدولزەهرە هینداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 16ی شوبات ڕایگەیاند کە ڕێژەی هەژاری لە عێراقدا بەرزبووەتەوە و جەختیکردەوە کە پرۆژە وەستێنراوەکان و ئەو پرۆژانەی لە ئێستادا دەستیانپێکردووە لە بودجەی 2021دا بودجەی پێویستییان بۆ دابینکراوە.

لە لێدوانیدا بۆ میدیا عێراقییەکان وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند، “ئەو پاشەکشە ئابوورییەی ئێستا هەیە کاریگەری کردووەتە سەر کەمبوونەوەی گەشەی ئابووری لەسەرتاسەری وڵاتدا و کەمبوونەوەی هەلی کار و نەمانی سەرچاوەی بژێوی بەشێک لە خێزانەکان، ئەمەش بووەتەهۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری لە عێراقدا و گەیشتووەتە %25”.

عەبدولزەهرە هینداوی وتیشی، “هەرچەندە بودجە تاوەکو ئێستا ڕەشنوسە بەڵام گۆڕانکاریی لە زۆرێک لە وردەکارییەکاندا کردووە و لەلایەن لیژنەی داراییەوە پەسەندکراوە”.

وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان ڕایگەیاند، “ئێستا شەش هەزار پرۆژە لە قۆناغی جێبەجێکردندایە، هەندێکیان لەسەرەتای دەستپێکردندان، هەندێکیان لە نیوە و هەندێکیشیان لە هەنگاوەکانی کۆتاییدان، بەشێکیشیان تاوەکو ئێستا دەستیانپێنەکردووە”.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە لە پرۆژەیاسای بودجەدا گرنگی دراوە بە تەواوکردنی ئەو پرۆژانە، چونکە وەستانی پرۆژەکان بووەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتییانی عێراق کارەکانیان لەدەستبدەن.

وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان وتی، “پرۆژەی ستراتیژی گەورەمان لە بەرنامەدایە، لەوانە پرۆژەی بەندەری گەورەی فاو، پرۆژەی هێڵی شەمەندەفەری هەڵواسراو، هەروەها دروستکردنی 1000 قوتابخانە، جگە لەوانەش هەردوو فڕۆکەخانەی موسڵ و زیقار”.

بابەتی پێشتر

ناتۆ پلان بۆ زیادكردنی سەربازانی لە عێراق لە 500 بۆ 5000 دادەنێت

بابەتی دواتر

خورماتوو.. شانەی قەیرانەكان چەندین بڕیاری بۆ هاوڵاتییان دەركرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share