شاندی باڵای حكومەتی هەرێم بۆ بەغداد لەگەڵ سەرۆككۆمار و بەرپرس و نوێنەرانی كورد كۆبووەوە و تیایدا پشكی هەرێم لە بودجەی ئەمساڵی عێراق تاوتوێكرا.
ئەمڕۆ دووشەممە 15ی شوبات شاندی باڵای حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم لە كۆشكی كۆماری لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق و سەرۆكی فراكسیۆنە كوردستانییەكان كۆبووەوە.
كۆبوونەوەكە بە ئامادەبوونی بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بەڕێوەچوو و تیایدا سەبارەت بە دواین گۆڕانکارییەکانی دانوستانی نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکان گفتوگۆکرا.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی سەرۆكایەتی كۆمار لە کۆبوونەوەکەدا جەختکرایەوە لە گرنگی چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردوو حکومەت و گەیشتن بە ڕێگاچارەی بنەڕەتی و کۆتایی لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا و پاراستنی بژێوی ژیانی سەرجەم ھاوڵاتیانی عێراق و ھەرێمی کوردستان و موچەی موچەخۆران دوور لە ململانێ سیاسییەکان.
هەروەك باس لە پاراستنی پشکی ھەرێمی کوردستان کرا لە بودجەی گشتی ساڵی 2021 و زامنکردنی مافی تەواوی ناوچە و پێکھاتەکان لەسەر بنەمای دادپەروەری و پاراستنی مافی سەرجەم ھاوڵاتیان و پێویستی کۆتایی ھێنان بە قەیرانی موچە و بژێوی ژیانی خەڵک و کەمکردنەوەی لێکەوتە داراییەکان لەسەر ھاوڵاتیان، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە.
ئێوارەی دوێنێ شاندی باڵای حكومەتی هەرێم بەرەو بەغداد بەڕێكەوت.
سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، ”شاندی باڵای حكومەتی ھەرێمی كوردستان، بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی، بەرەو بەغدا بەڕێكەوتنەوە، بەمەبەستی درێژەپێدان بەگفتوگۆكان لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان و كوتلە و لایەنە سیاسییەكانی عێراق، سەبارەت بە پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 ی عێراق و پەسەندكردنی ئەو بڕگانەی كە پەیوەستن بە ھەرێمی كوردستانەوە لەو پڕۆژە یاسایە”.
ئەوەشی وت، ” لەسەردانەكانی پێشووی شاندی حكومەتی ھەرێم و كۆبوونەوەكان لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ و لایەنە پەیوەندیدارەكان، ڕاشكاوانە ھەموو داتا و زانیارییەكان لەبارەی داھاتە نەوتی و نا نەوتییەكان و ھەروەھا خەرجییەكان خراونەتەڕوو”.