ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی بەرەی تورکمانی ئەمڕۆ شەممە 13ی شوبات ڕایگەیاند کە هەندێک لایەن دەیانەوێت دۆخی ئەمنی کەرکوک بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان بکاربهێنن و مەترسیی خۆشی لەوبارەیەوە خستەڕوو.
لە لێدوانێکیدا بۆ میدیا عێراقییەکان ئەرشەد ساڵحی ڕایگەیاند، “ترسمان لە هەوڵی هەندێک لایەن هەیە بۆ بەکارهێنانی دۆخی ئەمنیی کەرکوک بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق و دۆخی ئیستای کەرکوکیش بەرگەی لەمە زیاتر ناگرێت”.
سەرۆکی بەرەی تورکمانی دەڵێت، “لەسەر حکومەت پێویستە چاوپۆشی لە هیچ هێزێک نەکات کە لەیاسا لابدات و بیەوێت دۆخی ئەمنی شارەکە بەکاربهێنێت دۆخی ئەمنی تێکبدات، یان هێزەکانی هەرێمی کوردستان بەرلە هەڵبژاردنەکان بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی کەرکوک بەناوی بەشداریکردن لە پاراستنی ئەمنییەتی شارەکە”.
ساڵحی جەختیکردەوە، “تەنها گرەنتی بۆ پاک و بێگەردی پرۆسەی هەڵبژاردن و ئەنجامەکان پشتبەستنە بە بایۆمەتری، داوا لە حکومەت دەکەم زیاتر پاڵپشتیی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بکات لە ڕوی دارایی و لۆجیستییەوە تاوەکو بەوردی ڕێگری لە ساختەکاری بکەن”.