كەركوك.. داعش پێنج كارمەندی پۆلیسی كوشت و برینداركرد

چەكدارانی داعش لە سنووری شارۆچكەی داقوق هێرشیانكردە سەر پۆلیسی عێراق و پێنج كارمەندیان كوشت و برینداركرد، لە كەركوكیش تیرۆریستێك دەستگیركرا.

ڕائید- عامر نوری، وتەبێژی پۆلیسی كەركوك لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا ئاشكرایكرد، “چەكدارانی داعش لە كاتژمێر 09:10 خوولەكی ئەمشەو پێنجشەممە 11ی شوبات، هێرشیانكردە سەر خاڵێكی پۆلیسی فیدراڵیی عێراق لە گوندی “عەرەب كۆی” لە باشووری شارۆچكەی داقوق لە كەركوك و شەڕ و پێكدادان لەنێوان هەردوولادا ڕویدا.”

وتیشی، “بەهۆی شەڕەكەوە سێ كارمەندی پۆلیسی فیدراڵی كوژراون و دوو كارمەندیان برینداربوون، كەمێك لەمەوبەر و لە كاتژمێر 10:15 خوولەكدا شەڕەكە كۆتایی پێهاتووە.”

ڕائید- عامر نوری ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد لە سنووری گوندی هەفتەغار كە دەكەوێتە هەمان ناوچەوە، دەنگی تەقەیەكی زۆر بیستراوە.

وتەبێژی پۆلیسی كەركوك لە لێدوانەكەیدا بۆ ئێستا ئاشكرایكرد، “هەر ئەمشەو هێزەكانیان تیرۆرستێكیان لە بازگەی دەروازەی كەركوك لەسەر ڕێگەی بەغداد- كەركوك دەستگیركردووە.”

ڕوونیشیكردەوە كە دەستگیركراوەكە سەر بە ڕێكخراوی داعشە و پێشتر لەلایەن دادگاوە بڕیاری دەستگیركردنی دەركرابوو.

بابەتی پێشتر

دیبلۆماتکارێکی ئێرانی لەسەر کوشتنی گەنجێک لە تورکیا دەستگیرکرا

بابەتی دواتر

پەیەدە: هێرشی تورکیا لە خاکی هەرێمدا خەونێکی عوسمانییە بۆ لەناوبردنی کورد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share