پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، ڕەوانەكردنی پرۆژەیاسای بودجە كاتێك گەیشتووەتە پەرلەمان كە بارودۆخی ئابوری و سیاسیی وڵاتەكە ئاسایی نییە، بە “زەبەلاحترین بودجە لە مێژووی عێراق” ناوی بردووە”.
لە ڕاگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی شوبات بڵاویكردووەتەوە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، “بارودۆخی ئابوری و سیاسیی عێراق ئاسایی نەبووە كە پرۆژەیاسای بودجەی گشتی گەیشتووەتە پەرلەمان، كە بە زەبەلاحترین بودجە لە مێژووی عێراق دادەنرێت”.
پەرلەمانی عێراق ئەوەشی ڕاگەیاندووە، “پەتای كۆرۆنا كاریگەری لەسەر هەموو جیهان هەبووە، كارەساتێكی تەندروستییە بەڵام كاریگەری گەورەی لەسەر ئابوری و دارایی هەبووە، كاریگەریی ئەو پەتایەش لەسەر عێراق ئاسایی نەبوو، بەڵكو كار گەیشتە ئەوەی فەرز بكات بۆ پێدانی موچە”.
“پێویست بوو حكومەتی عێراق خراپیی دۆخ و قەبارەی قەیرانەكەی لە نوسینەوەی بودجەدا لە بەرچاو بگرتایە، بودجەیەكی ناردووە كە خەرجییەكی فراوان و قەرزێكی زۆری تێدایە چ قەرزی ناوخۆیی و چ دەرەكی، تیایدا مەترسییەكانی ئەو هەنگاوانەی گیراونەتەبەر و كاریگەری لەسەر نەوەی داهاتوو لە بەرچاو نەگیراوە”، وەك پەرلەمانی عێراق ئاماژەی پێكردووە.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، “ئەو هەمووە و زیاتریش لیژنەی دارایی پەرلەمانی خستە دۆخێكەوە كە ئیرەیی پێ نابرێت، پێویست بوو مامەڵە بەگەڵ كورتهێنان بە بڕی 44% و قەرزێكی زۆری ناوخۆیی كە بڕەكەی 47 تریلیۆن دینارە و بە بانكی ناوەندی وەرگیراوە، بكات، بەدەر لە توڕەیی شەقام كە بێ وچانانە چاوەڕوانی خزمەتگوزاری و هەلی كار و ژیانێكی شایستە دەكات”.
پەرلەمانی عێراق ئەوەشی وتووە، “ئەو بەرپرسیاریەتییەی لە گەردەنی لیژنەی داراییە ئەوەیە كە چەوتییەكان ڕێك بكاتەوە، دووبارە ستراتیژی بودجە بنوسێتەوە و هەندێك بڕیاری چارەنوسسازانە بدات و هەنگاوی خێرای چاكسازی بنێت، هەروەها عێراق بخاتە سەر ڕاستەڕێی ئابوری”.
سەبارەت بە هەوڵەكانی لیژنەكەی ئەوەشی ڕایگەیاندووە، “بۆ ئەو مەبەستە لیژنەی دارایی 45 كۆبوونەوەی لە 500 كاتژمێردا ئەنجامدا، میوانداری زۆربەی وەزیرەكانی حكومەت و زیاتر لە 300 بەرپرسی حكومی كرد، بە دەر لەو ئەنجامدانی ژمارەیەك زۆر لە دیدار لەگەڵ كەسانی شارەزای ئەكادیمی و ئابوری، تا گەیشتە ئەوەی كورتهێنان بۆ 19% كەمبكاتەوە”.
“لەگەڵ كەمكردنەوەی خەرجییەكان و كورتهێنان لە پرۆژەكەدا، توانی بودجەی وەبەرهێنان زیاد بكات و بڕیاریدا 400 ملیار دینار بۆ بونیادنانی بەندەری فاو تەرخان بكات و پارەی تەرخانكراویش بۆ پترۆدۆلار بۆ یەك تریلیۆن بەرز بكاتەوە”، وەك لە ڕاگەیەندراوەكەی پەرلەماندا هاتووە.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، “ئەوەی پەیوەستە بە دۆسییەی پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و ناوەندی، لیژنەی دارایی بابەتییانە و بەشێوەیەكی هونەری و پیشەییانە دوور لە لایەنگریی سیاسی مامەڵەی لەگەڵدا كرد، بۆ جاری یەكەم توانی كۆبوونەوەی نێوان دیوانی چاودێریی دارایی هەردوو حكومەت ڕێكبخات و تاووتوێی تەواوی داتاكان بكات و زیاتر لە جارێكیش میوانداریی وەزری نەوت كراوە”.