لە گوندێكی سەر بە ناحیەی گوڵاڵە چەكدارانی داعش سەربازێک دەکوژن و یەکێکی دیکەش بریندار دەکەن.
پەیامنێرمان لە گەرمیان ئەمڕۆ سێشەممە 9ی شوبات پێی ڕاگەیاندین، کاژێر 10:45 خولەکی ئەمشەو چەکدارانی داعش هێرشیان كردەسەر سەنگەرێکی سوپای عێراق لە گوندی ئیسلاحی سەر بە ناحیەی گوڵاڵە.
وتیشی، بەهۆی هێرشەكەوە سەربازێك كوژراوە و یەكێكی دیكەش برینداربووە.
ماوەیەكە داعش هێرشی ناوبەناوی بۆ سەر گوڵاڵە و ناوچەكانی دەوروبەری دەستپێكردوەتەوە، لە 4ی ئەم مانگە لە ناوچەی (زور لقایە) كە دەكەوێتە دەوروبەری ناحیەی گوڵاڵە لەلایەن قەناسێكی داعشەوە سەربازێكی عێراقی بە سەختی برینداركرا.
لە 20ی كانونی دووەمی ڕابردووش هێزەكانی حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردەوە، پاش گەیشتنی زانیاریی هەواڵگریی ورد دەربارەی جوڵەی چەكدارانی داعش، هێزێكی هەواڵگری پڕۆسە سەربازییەكانی حەشد لە دیالە هەڵمەتێكی ئەنجامدا.
ئاشكراشیكرد، هێزەكانیان هێرشیان كردوەتەسەر شوێنی كۆبوونەوەی چەكدارانی داعش كە دەیانویست لەوێوە هێرش بۆ سەر ناوچە ئارامەكانی گوڵاڵە ئەنجامبدەن.
دوو شەو پێشتریش داعش هێرشێكی قورسی لە چەند قۆڵێكەوە كردە سەر گوڵاڵە و زیانی بە شارۆچكەكە گەیاند، چەند كاتژمێرێكیش شەڕ لەنێوان داعش و سوپای عێراق بەردەوام بوو.