حكومەتی عێراق: پشكی هەرێم لە بودجە بەمزوانە یەكلایی دەبێتەوە

ئاڵای عێراق و هەرێمی كوردستان

وتەبێژی حكومەتی عێراق ڕایدەگەیەنێت، پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی بەمزوانە یەكلایی دەبێتەوە.

حەسەن نازم، وتەبێژی فەرمی حكومەتی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 9ی شوبات لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا دوای كۆتایی هاتنی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران وتی، حكومەت پرۆژەی بودجەی بەپێی ئەو هەموارانەی لیژنەی دارایی پەرلەمان ئەنجامیداوە وەرگرتووە و لیژنەیەك لە ئەنجومەنی وەزیران پێكهێنراوە بۆ تاوتوێكردنی هەمواركردنەكان لەماوەی دوو ڕۆژدا.

وتیشی، “حكومەت تێڕوانینی خۆی دەربارەی هەمواركردنەكان لەماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا دەگەیەنێتە ئەنجومەنی نوێنەران”.

دەربارەی پشكی هەرێمیش كە تائێستا خاڵی ناكۆكی ناو پرۆژەكەیە حەسەن نازم وتی، “پشكی هەرێم لە بودجە بەمزوانە یەكلایی دەبێتەوە”.

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پلانی حكومەتی بۆ بەرنامەی چاكسازی پەسەندكرد و وتەبێژی حكومەتیش وتی، تاوتوێكردن و كاری هاوبەش لەگەڵ بانكی نێودەوڵەتی هەیە لەسەر ئاستی قەرز و ڕاوێژ.

حەسەن نازم، وتەبێژی فەرمی حكومەتی عێراق

لێدوانی وتەبێژەكەی حكومەت لەكاتێكدایە ئامادەكارییەكانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران تایبەت بە پرۆژەیاسای بودجە لە قۆناغی كۆتاییدایە و پێدەچێت كۆتایی ئەم هەفتەیە ئامادەی دەنگدان بكرێت.

لەئێستادا زۆرینەی بەندەكانی پرۆژەیاساكە لەلایەن لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە یەكلاكراونەتەوە، ئەوەی بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە پشكی هەرێم لە بودجە و پابەندییەكانی هەرێمە لەڕووی ڕادەستكردنی نەوت و داهاتەكانەوە، بۆ ئەمەش لایەنی كورد چاوەڕوانی دوا بڕیار و هەڵوێستی لایەنە شیعەكانە.

لیژنەكە قەبارەی پرۆژەیاسای بودجە لە 164 تریلیۆن دینارەوە بۆ نزیکەی 127 تریلیۆن و 500 ملیار دینار کەمکردووەتەوە، نرخی بەرمیلێک نەوتی لە 42 دۆلارەوە بۆ 45 دۆلار زیادكردووە.

پشكی هەرێم پێشتر بە زیاتر لە 13 تریلیۆن و 900 ملیار دینار دیاریکرابوو، بەڵام پاش كەمكردنەوەی قەبارەی بودجەی گشتی پشكی هەرێمیش كە بە 12.67%ی بودجە دیاریكراوە كەمدەبێتەوە.

بابەتی پێشتر

بۆ ئەوەی كە چویتە تەمەنەوە بتوانیت بڕۆیت لە ئێستاوە دەستپێبكە

بابەتی دواتر

گوڵاڵە.. لە هێرشێكی داعشدا سەربازێك كوژرا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

لە کەرکوک کەسێک کوژرا

کەمێک لەمەوبەر لە شەقامی پشتێنەیی کەرکوک کەسێک لەناو ئۆتۆمبێلەکەی خۆیدا کوژرا. پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا گواستییەوە، “کەمێک پێش…
Total
0
Share