شەوی رابردوو چەند ماددەی پرۆژەیاسای بودجە پەسەندكرا؟

لە دانیشتنی شەوی رابردووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا 12 ماددەی پرۆژەیاسای بودجە پەسەندكران و بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ درێژە بە دانیشتنەكە بدرێت.

كاتژمێر 9ی شەوی رابردوو ئەنجومەنی نوێنەران بە ئامادەبوونی 259 پەرلەمانتار دووەم دانیشتنی خۆی لەسەر پەسەندكردنی ماددەكانی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵانی 2023، 2024 و 2025 دەستپێكرد و تیایدا ماددەكانی (2، 9، 10، 11، 12، 13، 18، 19، 20، 21، 23، 24) پەسەندكران و، ماددەی 22 سڕدرایەوە.

هەروەك بەهۆی ناكۆكی لەسەریان، ماددەكانی (14، 15، 16 و 17) دواخران و بڕیارە كاتژمێر 5ی ئێوارەی ئەمڕۆ دانیشتنی سێیەم لەسەر بودجە ئەنجامبدرێت.

لە كۆبوونەوەی یەكەمی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر پرۆژەیاسای بودجە كە شەوی پێنجشەممە بەڕێوەچوو ماددەكانی (1، 3، 5، 6، 7 و 8) پەسەندكران، دەنگدان لەسەر ماددەی دوو دواخرا و ماددەی چوارەمیش رەتكرایەوە.

پرۆژەیاسای بودجە لە 67 ماددە پێكدێت و لەماوەی دوو دانیشتنی رابردوودا 18 ماددە پەسەندكراون، دوو ماددە رەتكرانەوە و بەوەش 47 ماددە ماون یەكلابكرێنەوە.

دوێنێ هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، “ئێمە وەکو یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان سوورین لەسەر ئەو بابەتانەی کە لە رابردوو قسەمان لەبارەوە کردووە لە پرۆژە یاسای بودجە، لە چێوەی یاسا و مافی خەڵکی کوردستان و مافی مووچەخۆرانی کوردستان، پاشەکەوتی مووچە کە مافی مووچەخۆرانی خەڵکی کوردستانە”.

هاوكات نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، “گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی مووچە لەناو پرۆژەیاسای بودجەدا ماوە، وەک لیژنەی دارایی دەیخوێننینەوە، هیچ کەسێک ناتوانێک لایبەرێت جگە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران”.

بابەتی پێشتر

رووداوێکی هاتووچۆ شەش برینداری لێکەوتەوە

بابەتی دواتر

لەم وەرزەدا چۆن دەزانیت منداڵەکەت تووشی وشکبوونەوە بووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share