سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران گەیشتە عێراق، بڕیارە سێ ڕۆژ لە عێراق بمێنێتەوە و چاوی بە گەورە بەرپرسانی عێراق بكەوێت.
ئاژانسی فارس نیوزی ئێرانی بڵاویكردووەتەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 8ی شوبات، ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بە سەرۆكایەتیی شاندێكی باڵای ئێران گەیشتووەتە بەغدادی پایتەختی عێراق.
لەكاتی گەیشتنی ئەو شاندە ئێرانییە، لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداد لەلایەن بەرپرسانی باڵای عێراق و باڵیۆزی ئێران لە بەغدادەوە پێشوازی لێكرا.
بەگوێرەی ئاژانسە ئێرانییەكە، بڕیارە ئەو شاندە باڵایەی دادوەریی ئێران ماوەی سێ ڕۆژ لە عێراق بمێننەوە و چاویان بە هەریەك لە فایەق زێدان، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق و سێ سەرۆكایەتییەكی عێراق بكەوێت.
میدیا ئێرانییەکان پێشتر ئاشکرایان کردبوو، سەردانەکەی ڕەئیسی بە داواکاریی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق بووە، بڕیاریشە لەو سەردانەدا چەند لێکتێگەیشتنێک لەنێوان هەردوو وڵاتدا واژوو بکرێت.