ڕاگەیەندراوی بزووتنەوەی گۆڕان: بڕیارەکانی عەلی زەیدی لەسەر هەرێمی کوردستان پێچەوانەی بنەماکانی فیدراڵییە

بزووتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت، بڕیارەکانی عەلی زەیدی پێشهاتێکی مەترسیدارە و درێژکراوەی ئەو هەنگاوانەیە کە دەسەڵاتی ناوەند بەهێز دەکەن و بنەماکانی فیدڕاڵیزم لاواز دەکەن، هەروەها دەشڵێت، داواکارین حکومەتی فیدڕاڵ بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ حکومەتی هەرێم، پێداچوونەوە بەم بڕیارانەدا بکات و دەستوور بکاتە بنەما بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

بڕیارەکانی ئەمڕۆی بەڕێز عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەبارەت بە خستنەژێر دەسەڵاتی فیدڕاڵیی سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و قۆرخکردنی دەسەڵاتی مۆڵەتپێدانی هەناردەکردنی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان لە وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵدا، پێشهاتێکی مەترسیدارە و درێژکراوەی ئەو هەنگاوانەیە کە دەسەڵاتی ناوەند بەهێز دەکەن و بنەماکانی فیدڕاڵیزم لاواز دەکەن.

لە کاتێکدا ئێمە بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە بنبڕکردنی دیاردەی قاچاخچێتی، چەسپاندنی شەفافیەت و لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەین، لە هەمان کاتدا جەخت دەکەینەوە کە چارەسەرکردنی ئەم کێشانە نابێت ببێتە پاساو بۆ پێشێلکردنی دەستوور، کاڵکردنەوەی دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و بچووککردنەوەی پێگەی کورد لە هاوکێشەی نوێی عێراقدا.

لەسەر ئەم بنەمایە، داواکارین حکومەتی فیدڕاڵ بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ حکومەتی هەرێم، پێداچوونەوە بەم بڕیارانەدا بکات و دەستوور بکاتە بنەما بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان؛ بە شێوەیەک دەسەڵاتە بەرپاکانی هەرێمی کوردستان، وەک قەوارەیەکی فیدڕاڵیی دانپێدانراو، بەتایبەت لە شێوازی بەڕێوەبردنی کەرتی وزە و نەوت و گازدا، بکرێتە ئەرکێکی هاوبەش و دەستووریی هەردوولا.

هەرچەندە ئەم هەنگاوانەی بەغدا زەنگێکی مەترسیدارن و جارێکی دیکە ئەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگرە دەسەلمێنن کە پەرتەوازەیی ناوخۆیی، لاوازیی دامەزراوە نیشتمانییەکان و نەبوونی حوکمڕانییەکی دروست، پێگەی هەرێمی کوردستانیان لاواز کردووە و دەرفەتیان بۆ پاشەکشەپێکردنی مافە دەستوورییەکانمان ڕەخساندووە، بەڵام مێژوو سەلماندوویەتی کە هەر کاتێک ناوماڵی کوردستان پەرتەوازە بووبێت، مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانمان کەوتوونەتە بەر مەترسی.

هەر بۆیە لەم قۆناغە هەستیار و چارەنووسسازەدا، پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتە نەتەوەییەکانمان بەرپرسیارێتییەکی مێژووییە لەسەر شانی هەمووان. لەم ڕوانگەیەوە، بانگەوازێکی نیشتمانی ئاراستەی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکەین کە بە زووترین کات کۆ ببنەوە و ناکۆکییە لاوەکییەکان وەلا بنێن؛ لەپێناو داڕشتنی ستراتیژێکی نیشتمانیی یەکگرتوو، بەرگریکردن لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانمان و بەهێزکردنی پشتیوانیی جەماوەری و ئاشتکردنەوەی خەڵکی کوردستان، تا بە یەک گوتار و هەڵوێستێکی بەهێزەوە داکۆکی لە ئیرادەی سیاسی و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بکەین.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

هاتوچۆی هەولێر: لە رۆژانی جەژن هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە شوێنە گەشتیارییەکان قەدەغەیە

هاتوچۆی هەولێر بڕیاریدا  لە هەر چوار رۆژی جەژنی قوربان، هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە شوێنە گەشتیارییەکان قەدەغەبکات. بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی…
زیاتر ببینە

سوپای ئەمریکا: لە حەوتەمین شەپۆلی هێرشەكان بۆ سەر ئێـ.ـران بنکەكانی چاودێریی و کۆگاکانی چـ.ـەکی ژێرزەمین كرانە ئامانج

سوپای ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، بەردەوامن لە فشار و گەمارۆ سەربازییەکان بۆ سەر ئـ.ـێران و شەوی ڕابردوو چەندین ئامانجیان لەو…
Total
0
Share