بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت، ئەو پارێزەرەیان دەستگیرکرد کە لەناو دادگای هەولێر دەمانچەی دەرهێنا و هەڵات.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی دوێنێ یەکشەممە، کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ لە دادگای هەولێر، دوو پارێزەر بە ناوەکانی (ی. ز. م) و (س. ع. ح) دەبێتە دەمەقاڵێیان، بۆ ئەم مەبەستە ئەفسەر و کارمەندانی پۆلیسی دادگا هەوڵی کۆنترۆڵکردنی بابەتەکەیان دا، بەڵام لەلایەن یەکێک لە پارێزەران بە ناوی (ی. ز. م) دەمانچە دەرهێنرا و هەڵات.
ڕاشیگەیاند، ئەمڕۆ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێرەوە دەستگیرکرا و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕێکخرا بەپێی ماددەی (31/406) لە یاسای سزادان ڕاگيراوە.