شارەزایەکی بواری کەشناسی ڕایدەگەیەنێت، شەپۆلێکی بارانبارین و هەورەبروسکە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی ڕایگەیاند، سبەی یەکشەممە 11ـی 10ـی 2026، بەشێوەیەکی گشتی کەشی هەرێمی کوردستان جێگیر دەبێت و ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت و پلەی گەرماش بە جێگیری دەمێنێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە دووسبەی دووشەممەوە، هەرێمی کوردستان و ناوچەکە دەکەوێتەوە ژێر کاریگەریی کەشێکی ناسەقامگیر لە ئەنجامی کاریگەریی لاوازی نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست؛ سەرەتاش لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای دهۆکەوە دەستپێدەکات بەشێوەی چالاکبوونی هەورەبروسکە و تاوەباران، پاشان لە ڕۆژی سێشەممە، کاریگەریی ئەو کەشە ناجێگیرە بە لاوازی درێژ دەبێتەوە بۆ سەر پارێزگا و ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان.
ئەوەشی خستەڕوو، لە نێوان 16 بۆ 18ـی ئەم مانگەش، لە ئەنجامی زیادبوونی کاریگەریی نزمە پاڵەپەستۆکەی دەریای ناوەڕاست، ئەگەری هاتنی شەپۆلێکی هەورەبروسکە و بارانبارین دەبێت.