بەدواداچوونێکمان بۆ کێشەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراقدا کرد؛ لەم ڕاپۆرتە شیکارییەدا، لێکەوتە ئابووری، کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزارییەکانی هەردوو سیناریۆکەی هەرێم و بەغداد (%14.14 بەپێی سەرژمێری [قسەی حکومەتی هەرێم] بەرامبەر %12.70 بەپێی تێڕوانینی بەغداد) دەخەینەڕوو.
سەرەتا پێویستە بزانین کە جیاوازیی نێوان ئەم دوو قسەیەی هەرێم و بەغداد پەیوەست بە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ساڵی 2027ـدا، %1.44ـە؛ بە واتای ئەوەی هەرێم داوای %1.44 زیاتر لەو بڕە دەکات، کە بەغداد بۆ پشکی هەرێم لە بودجەدا بەنیازە جێگیری بکات.
%1.44 لە ڕووی داراییەوە چی جیاوازییەک دروستدەکات؟
ئەگەر بودجەی گشتیی عێراق لەنێوان 150 بۆ 180 تریلیۆن دیناری ساڵانە بێت، ئەم جیاوازییە یەکسانە بە 2.1 بۆ 2.6 تریلیۆن دیناری ساڵانە؛ کە دەکاتە نزیکەی مووچەی دوو مانگی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ئەم بڕە ڕێژەیەکی زۆر گەورەیە و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دەبێت؛ لەبەر ئەمەشە حکومەتی هەرێمی کوردستان سوورە لەسەر جێگیرکردنی ئەو بڕە لە بودجەدا بۆ هەرێمی کوردستان.
ئەگەر پشکی %14.14 بۆ هەرێمی کوردستان جێگیربكرێت چی ڕوودەدات؟
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، جێگیرکردنی پشکی %14.14 بەپێی ئەنجامی سەرژمێریی گشتیی 2024ـە و بە مانای چەسپاندنی مافی دیمۆگرافی و یاسایی ئێمە دێت؛ لێرەدا پێتان دەڵێین ئەگەر ئەم ڕێژەیە جێگیربکرێت، دەستکەوت و سوودەکانی بۆ خەڵک و کوردستان بریتی دەبن لە:
1- سەقامگیریی تەواو لە دابینکردنی مووچە
بەهۆی هاتنی بودجەیەکی زیاتر (زیادبوونی زیاتر لە 200 ملیار دینار)، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت بەبێ کورتهێنان و لە کاتی خۆیدا مووچەی تەواوی فەرمانبەران و مووچەخۆران دابەشبکات، بەڵام بەو مەرجەی ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ بەغداد (ڕادەستکردنی داهاتی نانەوتی و ڕێککەوتنی نەوت) وەک خۆی جێبەجێبکات و هیچ ئاستەنگێک لەو نێوەندەدا دروست نەبێت.
2- بووژانەوەی کەرتی بیناسازی و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان
بودجە تەنیا بۆ مووچە نییە؛ بەشێک لەم بودجە زیادەیەی کە هەرێم داوای دەکات، تەرخاندەکرێت بۆ بودجەی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی پارێزگاکان، کە دەبێتە هۆی دەستپێکردنەوەی سەدان پڕۆژەی ڕاوەستاو (ڕێگەوبان، نەخۆشخانە، خوێندنگە، پڕۆژەی ئاو و کارەبا).
هاوکات کەرتی تەندروستی و پەروەردە لە ڕووی دابینکردنی دەرمان، ئامێری پزیشکی و نۆژەنکردنەوەی خوێندنگەکانەوە گۆڕانکاریی بەرچاو بەخۆیانەوە دەبینن.
3- ڕەخساندنی هەلی کار و بووژانەوەی کەرتی تایبەت
کاتێک حکومەت پڕۆژە دەستپێدەکاتەوە، کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت دەکەونەوە کار، ئەمەش هەزاران هەلی کار بۆ گەنجان و دەرچووانی زانکۆ دەڕەخسێنێت؛ لە هەمان کاتدا ئەگەری دەستپێکردنەوەی دامەزراندنی پێویست لە کەرتی گشتیدا (بەتایبەت لە بەشە گرنگەکانی وەک تەندروستی و پەروەردە).
4- جێگیربوونی سەقامگیریی سیاسی و یاسایی
بنەمایەکی زانستی و دەستووری (سەرژمێری) دەبێتە پێوەری دابەشکردنی سامان، کە ئەوەش ڕێگری لە دروستبوونی ململانێی سیاسیی ساڵانە لەسەر بودجە دەکات و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداد سەقامگیردەکات.
بەشی دووەم: ئەگەر قسەکەی بەغداد بچێتە سەر و 12.70% جێگیربکرێت چی ڕوودەدات؟
ئەگەر حکومەتی عێراق سووربێت لەسەر بڕینی ئەم %1.44ـە، بە واتای ئەوە دێت کە بەپێی ئەو بڕە، بەغداد حیسابێکی کەمتر بۆ ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەکات، ڕوونتر بەم شێوەیە:
هەرێمی کوردستان دەڵێت ژمارەی دانیشتووانمان شەش ملیۆن و 370 هەزار و 668 کەسە، ئەمەش بەراورد بە پێشتر زیادیکردووە؛ بۆیە لە بودجەدا %14.14ـمان دەوێت.
بەغدادیش دەڵێت، ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بەراورد بە پێشوو زیادیکردووە، بەڵام لە هەمان کاتدا ژمارەی دانیشتووانی عێراقیش بەرزبووەتەوە، بەپێی حیساباتی کۆتایی، دەبێت پشکی هەرێمی کوردستان 12.70% بێت و ئەم ڕێژەیە، ڕاستییە.
لێکەوتە نەرێنییەکانی جێگیرکردنی ڕێژەکەی بەغداد بۆ هەرێمی کوردستان بریتی دەبن لە:
1- بەردەوامیی کورتهێنانی دارایی (زیاتر لە دوو تریلیۆن دیناری ساڵانە)
بەم پێیە بێت، هەرێمی کوردستان ساڵانە بێبەش دەبێت لە بڕە پارەیەکی زەبەلاح کە دەکرێت تەرخانبكرێت بۆ مووچە یان هەر خزمەتگوزارییەکی دیکە؛ بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان دووچاری فشارێکی زۆری دارایی دەبێتەوە بۆ پڕکردنەوەی خەرجییەکان.
2- مەترسی لەسەر ڕێکخراویی دابەشکردنی مووچە و خەرجییەکان
کەمبوونەوەی ڕێژەی بودجە ڕەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی ئاستەنگ لە دابینکردنی تەواوی شایستە داراییەکان لە کاتی خۆیدا، یان ناچارکردنی هەرێمی کوردستان بۆ پەنابردنە بەر قەرزکردن و پاشەکەوتکردن.
هاوکات کەمبوونەوەی خەرجییەکانی بەگەڕخستن (تەشغیلی) لە وەزارەتەکاندا، کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر کوالێتیی خزمەتگوزارییەکان دەبێت.
3- ئیفلیجبوونی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان
بەهۆی پێشینەییدانی حکومەت بۆ دابینکردنی مووچە، بودجەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان (وەبەرهێنان) بە ڕێژەیەکی زۆر کەمدەبێتەوە، بەمەش ئاوەدانکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی ژێرخان ڕادەوەستێت.
4- سستبوونی جووڵەی بازاڕ و بێکاری
کەمبوونەوەی سیولەی نهقدی لە بازاڕدا، دەبێتە هۆی سستبوونی کڕین و فرۆش؛ کەرتی تایبەتیش بەهۆی نەبوونی پڕۆژەی حکومی، تووشی کزبوونی جووڵە دەبێتەوە، کە ئەوەش ڕێژەی بێکاری لەناو گەنجاندا بەرزتر دەکاتەوە.
کەواتە دەتوانین بە ڕوونی بڵێین، جێگیرکردنی پشکی %14.14 تەنیا ژمارەیەکی یاسایی یان سیاسی نییە، بەڵکو کلیلی بووژانەوەی ئابووریی هەرێمی کوردستانە بۆ ساڵی 2027 و ساڵانی دوایی؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سووربوونی بەغداد لەسەر جێگیرکردنی 12.70% لە ڕووی ئابوورییەوە بە مانای بێبەشکردنی هاووڵاتییانی هەرێمە لە بەروبوومی سەرژمێریی گشتی و بەردەوامیدانە بەو کورتهێنانە داراییەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دروستکردووە.