سەرچاوەیەک لە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاشکرایدەکات، گۆڕانکاریی لە شوێن و هەڵکەوتەی بازگەکان بەرئەنجامی لێکۆڵینەوە و دیراسەیەکی وردی دەزگاکەمان بووە و بەردەوامیش دەبێت.
سەرچاوەیەکی باڵا لە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ئەو گۆڕانکارییانەی لە بازگەکانی سنووری ئیدارەی گەرمیان ئەنجامدراون، هێندە نییە، بەڵکو گۆڕانکاریی زیاتر لە شوێنی بازگەکان ئەنجامدەدرێت.
وتیشی، گۆڕانکارییەکان لە ڕێگەی لیژنەیەکی ئەمنیی پسپۆڕ لە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە ئەنجامدراون، هۆکارەکەش گۆڕانکارییە تۆپۆگرافی و جوگرافییەکانە لە شار، شارۆچکە و شەقامەکانی هەرێمی کوردستان، ئامانجیش لێی سەلامەتی گیانیی هاووڵاتییان، ئاسانکاریی مرۆیی و بازرگانییە لەو ناوچانەدا.
ڕوونیشیکردەوە، لە ئایندەیەکی نزیکدا بازگەی عەربەت دەبرێتە پشتەوەی شەقامی 100 مەتریی، بازگەی بانی مەقان لە چەمچەماڵ دووربوو، ئێستا دەبرێتە قەرەهەنجیر، لە هەندێک شوێن چەند بازگەیەک لادەبەین و دەیکەینە بازگەیەکی مۆدێرن و ڕێکتر، هەروەها ستراتیجیتر، هەروەها گۆڕانکارییەکە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین و پارێزگای هەڵەبجەش دەگرێتەوە.
لە کۆتاییشدا ئەو سەرچاوە ئەمنییە جەختیکردەوە، ئەم ڕێکارانەی کە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئەنجامیاندەدات لە پێناوی سەلامەتیی گیان و ماڵی هاووڵاتییاندایە، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک سازش ناکات لە بستێک لە خاکی هەرێمی کوردستان.