کاروان ئەنوەر: ئێستا باوی کونەعەمرە و کونەپارەیە

کاروان ئەنوەر، نووسینێکی بە ناونیشانی ‘کونەتەیارە’ لە (سێگۆشەی خڕ) کە گۆشەیەکی ھەفتانەیە لە ڕۆژنامەی (کوردستانی نوێ) بڵاوکردووەتەوە.

ئەمەی خوارەوە دەقی نووسینەکەیە:

شەڕی كورد و عەرەب دەستیپێكردبوو، عێراق دامودەزگاكانی خۆی لە هەندێک شوێنی كوردستان كشاندبووەوە، یەكێک لەو شوێنانە هەڵەبجە بوو، لە پۆلی یەكەمی سەرەتایی بووم لە خوێندنگەی بێسارانی، ساڵی خوێندنی 1973 ـ 1974 بوو، لەو شارەدا كورد حوكمی دەكرد و خەڵكیش ترس و لەرزێكی زۆری هەبوو لە دەستوەشاندنی عێراق لەم شوێنانە، بۆیە لە خوێندنگە هێزی بەرگریی میللی ڕاهێنانی پێدەكردین، لەگەڵ لێدانی (شاورـ فیكەنە) هەموو منیان بە ڕاكردن دەبردە دەرەوە بۆ ناو كونەتەیارەكان… یەكەمین ڕووداوی نائاسایی لە ژیانمدا مەسەلەی كونەتەیارە بوو، پێناسەی كونەتەیارە: چاڵێكی پێچاوپێچی 60 بە 70 سانتیمەتربوو، لە باخچەی خوێندنگەکەمان هەڵكەنردرابوو، بە شێوەی قادرمە یان نیوەبازنە دروستدەكران، بۆ خۆپاراستن لە پارچە، گڕی بۆمب و شەستیرەكان.

زۆرباش لەبیرمە ڕۆژێکیان لە كاتی وانە خوێندندا، شاوری كونەتەیارە لێدرا و هەموو ڕامان كردە چاڵەكانەوە، من (قەمسەڵە ـ ساقۆ)یەكی چەرمی سوورم لەبەردابوو، كۆدەنگییەک لەناو چاڵەكەوە لەسەرم دروستبوو كە ئەم ڕەنگە سوورە كەشفە و تەیارەكان دەمانبینن، ئیتر بۆردومانمان دەكەن، لە پڕێكدا ئەم كۆدەنگییە لەو چاڵەدا بوو بە ڕای گشتی، ڕای گشتیش بوو بە گریان و هاتوهاوار، بۆ نەگبەتیی من لە بەرزاییەكی زۆر بەرزەوە بە حاڵ باڵندەیەک دەبینرا، هەڵۆ یان باز یان شەهێن یان واشە بوو، دەنگێک لە چاڵەكەوە هەرئەوەندە وتی:

ـ ئەرەوەڵا ئەوە تەیارەیە!

ـ ڕاستەوخۆ گریان و چڵم سڕین بوو بە هاوار، شینوشەپۆڕ، میزبەخۆداكردن، سەرزەنشتكردن، ڕەخنەبارانكردن و جنێودان بە منی داماو، تەنیا لەبەرئەوەی ڕەنگی ساقۆكەم سوور بوو.

ـ دەنگێک: تازە هەموومان دەمرین.

ـ هەمووی خەتای كاروان بوو.

ـ بۆچی سوور لەبەردەكەیت؟

ـ دایكە گیان توخوا وەرە، باوكە گیان هەموومان دەمرین!

پاش چەند خولەكێک شاوری هاتنەدەرەوە لێدرا و ئاو بە ئاگردا كرا، فرمێسكی منداڵ، چڵم و میز و قوڕاوی ناو چاڵەكە بە دەموچاوی خوێندکارانی پۆلی یەكەمی سەرەتاییەوە، تابلۆیەكی سوریالی زۆر ناشرینی نەخشاندبوو، بەڵام باشترین شت ئەوەبوو كە منداڵان بە سەلامەتی هاتنە دەرەوە و ئەوەی زەرەرمەندبوو تەنها من بووم، هەر لەوێدا قەمسەڵەكەیان لەبەرمدا خستە دیوەكەی تریەوە، كە ڕەنگێكی مۆری هەبوو، هەر باشتر بوو، بەڵام ڕەنگی مۆریش لەو ڕەنگانە بوو بە بۆچوونی ئێمەی منداڵ، فڕۆكەكان لەو بەرزاییەوە، بەو خێراییە زۆرەی كە دەفڕین گوایە دەبینرێت.

ببڕای ببڕ، ئیتر ئەو قەمسەڵەیەم لەبەر نەكردەوە، کاتێک عێراق قەڵادزێی بۆردومان كرد، ئێمە لە هەڵەبجەوە ماڵمان چۆڵكرد و بەرەو گوندەكان ڕۆیشتین، بەداخەوە لە ڕۆژی 26/4/1974 چەند فڕۆكەیەكی جۆری سوخۆی، بە بۆمبی ناپاڵم و شەستیر هەڵەبجەشیان بۆردومانكرد، خوێن لەو دوو شارەدا هەستا، نە كونەتەیارە و نە ڕاهێنانەكانی ئێمە لە خوێندنگە، نە گریان و جنێوی منداڵەكان دادیان نەداین، ماڵەكەمان لە گەڕەكی پاشا بوو، نزیک باخی گشتی، ناپاڵمێک لە بەردەم ماڵی ئێمە و دیواری باخی گشتی كەوتبوو، هەرچی شمەكمان هەبوو فەوتابوو، ماڵیشمان تاڵانكرا و قەمسەڵە سوورەكەشم ئێوە خۆش.

ئەم بەسەرهاتە ئەمڕۆ بە شێوازی جیاواز، دووبارە و دەبارە دەبێتەوە، ڕەنگی سوور، زەرد، پەمەیی و مۆر كە ببوون بە مۆتەكە و چاوساغی ئەو فڕۆكەوانەی کە خێرایی فڕۆكەكەی 2000 كم/ک زیاتر بوو، ئێستا ئەو ڕەنگانە بوونەتە دێوجامە بۆ داهۆڵی پیاوە دڵتەڕ و لەبز شیرینەكان، كچە مۆدێلەكان ئەم ڕەنگانە دەپۆشن و خۆیانی پێوە بادەدەن، كەچی خەریكبوو منێكی منداڵ لەو كونەتەیارەدا لەسەر ڕەنگی سور بێكەسكوژ بكرێم، جا سەبارەت بە مەسەلەی (كونەكە)ش، دووربێت لە ڕووتان، لەجیاتی هی تەیارە، كونەكۆمپانیا، كونەسێنتەر، كونەڤیزا، كونەكەناڵ، كونەعەمرە، کونەباڵەخانە، خوێندنگە، نەخۆشخانەی ئەھلی و کونەفلوسە، ببورن كونەپارە باویەتی، ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نوێنەری زیندانییانی بادینان: کابینەکەی مەسرور بارزانی دژە مەدەنی و دیموکراسییە

نوێنەری زیندانییانی بادینان رایدەگەیەنێت، ئەگەر نەوەستێندرێت حكومەت پلانی مەترسیداری هەیە و دەشڵێت، کابینەکەی مەسرور بارزانی دەریخستووە کە چەندە…
Total
0
Share