قوباد تاڵەبانی هۆكاری ڕادەستنەكردنی دۆسیەی نەوتی هەرێم ئاشكرادەكات

جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم دەڵێت، هەندێك هێزی سیاسی بەردەوام كورد بەوە تۆمەتبار دەكەن كە پشكی نەوتی بەسڕە دەبەن، “لەكاتێكدا ئێمە بەرپرس نین و پشكی هەرێم 5%ی بودجەی وڵاتە”، هەروەك هۆكاری ڕادەستنەكردنی تەواوی دۆسیەی نەوتی هەرێم بە حكومەتی ناوەند ئاشكرادەكات.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لەمیانەی دیدارێكیدا لەگەڵ (ناوەندی هەواڵیی نیشتیمانی) دەڵێت، “هەندێك هێزی سیاسی بەردەوام كورد بەوە تۆمەتبار دەكەن كە پشكی نەوتی بەسڕە دەبەن، بەڵام لە ڕاستیدا ئێمە لێی بەرپرسیار نین، بەڵگەی ئەوەش ئەوەیە كە پشكی هەرێم لە بودجەی گشتیی وڵات 5%، لە ساڵی 2014شەوە تا ساڵی 2018 هیچ بڕە پارەیەكمان لە حكومەتی ناوەند وەرنەگرتووە”.

قوباد تاڵەبانی دەشڵێت، “ئەگەر ئەو پارەیە بۆ پڕۆژەی وەبەرهێنان لە پارێزگای بەسڕە یان زیقار خەرجبكرایە خۆشحاڵ دەبووین، بەڵام ئەو پارەیە دیارنەماوە بەبێ زانینی ئەوەی چی بەسەرهاتووە”.

وتیشی، “لە مانگی هەشتی ساڵی 2020، ڕێككەوتنێك هەبوو لەنێوان هەردوو حكومەتی بەغداد و هەولێر، حكومەتی ناوەند پێی وتین داهاتی نەوت و داهاتی نانەوتی هەمووی بۆ هەرێم، لەهەمان كاتیشدا مانگانە 320 ملیار دینارمان بۆ دەنێرن، لە بەرامبەر ڕەزامەندی نیشاندان لەسەر ناردنی تیمێكی هونەری بۆ چاودێریی دەروازە سنوورییەكان لە هەرێم”.

ئەوەشی وت، “ئەم ڕێككەوتنە زۆری نەخایاند، حكومەتی ناوەند ئەو بڕە پارەیەی تەنها بۆ دوو مانگ ڕەوانەكرد، دوای ئەوە وەستا” پرسیاری ئەوەش دەكات، “ئەو پارانە بۆ كوێ خەرجكرا؟ ئایا بۆ بەغداد یان بەسڕە یان سەڵاحەدین خەرجكرا؟”.

قوباد تاڵەبانی جەخت لەوەشدەكاتەوە “ئەگەر كێشەی بەسڕە بە پشكە داراییەكانی هەرێمی كوردستان چارەسەر ببوایە، پاشەكشەمان لەو پشكە دەكرد”.

دەربارەی ئەوەش كە ئایا بۆچی حكومەتی هەرێم ڕادەستكردنی تەواوی دۆسیەی نەوت بە كۆمپانیای سۆمۆ ڕەتدەكاتەوە، جێگری سەرۆكوەزیران وتی، “سەرچاوەی داهاتی سەرەكی لە هەرێم نەوتە، لەڕێی ئەو داهاتەوە زۆرێك لە خەرجییە جیاوازەكانی هەرێم پڕدەكرێتەوە، بۆیە ئەگەر ئەم تاكە سەرچاوەیەمان نەبێت، مانای وایە هیچ زەمانەتێك نییە كە دەستمان بەو پارەیە بگات كە بتوانین لەڕێیەوە ئەو قەرزانە بدەینەوە كە كەوتۆتە ئەستۆی هەرێم”.

ئەوەشی وت، “ئەگەر قسە لەسەر خاڵی هونەری بكەین، بەپێی تۆمارێكی لای وەزارەتی دارایی حكومەتی ناوەند ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەگاتە 683 هەزار فەرمانبەر، لەكاتێكدا زیاتر لە 751 هەزار فەرمانبەر لە هەرێم هەیە، لەكاتێكی وادا چۆن دەتوانین موچەی ئەو فەرمانبەرانە بدەین كە ناویان لای وەزارەتی دارایی ناوەند نییە، ئەگەر سەرچاوەیەكی تایبەتی داهاتمان نەبێت” دووپاتیشیكردەوە، “جیاوازی ژمارەی فەرمانبەرانی تۆماركراو لای دارایی ناوەند و هەرێم نزیكەی 70 هەزار فەرمانبەرە”.

قوباد تاڵەبانی ئاماژە بەوەشدەكات كە ئومێیان بە بونیادنانی پەیوەندییەكی نوێی پەیوەندیدار بە نەوت و دارایی لەگەڵ حكومەتی ناوەند هەیە تا گەیشتنە دامەزراندنی كۆمپانیای نوێی سۆمۆ كە ئەندامی كورد لە ئەنجومەنی بەڕێوبردنەكەیدا هەبێت.

دەربارەی بەستنەوەی سەرجەم سەرچاوەكانی نەوتی هەرێم بە تەنها ئیدارەیەكی سەر بە حكومەتی ناوەندیش، جێگری سەرۆكوەزیران دوپاتیدەكاتەوە، “ئەوەی وەزیری نەوتی ناوەند باسی لێوەكردووە، دەربارەی بەستنەوەی سەرجەمی نەوتی هەریم بە ئیدارەیەكی سەر بە حكومەتی ناوەند، داوایەكی نادەستورییە”.

بابەتی پێشتر

دیموکراتەکان بەبێ پاڵپشتیی کۆمارییەکان پاکێجە 1.9 تریلیۆن دۆلارییەکەی بایدنیان پەسەندکرد

بابەتی دواتر

هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا بۆ 90 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە کەمبووەتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

8 نان كرا بە هەزار دینار

بەڕێوەبەری چاودێری و بازرگانیی سلێمانی رایدەگەیەنێت، لە بەشێك لە نانەواخانەكاندا 8 نان كراوەتەوە بە هەزار دینار. سۆران عەبدولغەفور…
Total
0
Share