شارەزایەکی بواری کەشناسی هۆشداری لە ڕوودانی لافاو و بارینی بارانی زۆر بەهێز دەدات و دەڵێت، پایزی ئەمساڵ جیاوازترین پایز دەبێت لە مێژووی ناوچەکەدا.
ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی ڕایگەیاند، سوپەر ئێڵ نینۆی 2026 یەکێک دەبێت لە دیاردە هەرە بەهێزەکانی سوری ئیسنۆی زەریای هێمن، کە لەم کاتەی ساڵدا، لە مێژووی ڕوودانی دیاردەی ئێڵ نینۆدا نەبینراوەتەوە، هەڵبەت ئەم بەهێزییە لێکەوتەی گەورەی لە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە جیهاندا لێدەکەوێتەوە، هەر لە بەهێزبوونی بارانە وەرزییەکان و زریانەکان لەسەر ئەو ناوچانەی ڕاستەوخۆ کاریگەرییان هەیە بەسەریەوە و لێکەوتە جیهانییەکانیش کە لە ئەنجامی ئەو گۆڕانکارییەوە پێچەوانە بوونەوەیەک دروستدەبێت، کە بەشێک لە وڵاتان دووچاری وشکەساڵیی توند دەکاتەوە و بەشێکیش دووچاری بارانی زۆر.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بەگشتی لەم گۆڕانکارییەدا بارانبارینی زۆر و لافاو و توندبوونی دیاردەکانی کەشوهەوا بەخۆیانەوە دەبینن، کە لە پایزی ئەمساڵەوە لێکەوتەکانی دەبینرێت، هەر بەزوویی دەستپێکردنی بارانبارین و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بارانبارین بۆ سەروو ئاستی ئاسایی و نزمبوونەوەی پلەی گەرما بۆ خوار ئاستی ئاسایی، لەگەڵ دروستبوونی شەپۆلی بەهێزی بارانبارین و زۆربوونی لافاو و کارەساتە سروشتییەکان کە من پێشبینیم وایە، پایزی 2026 بە جۆرێک جیاواز دەبێت، لە مێژووی ناوچەکەدا نەبینرابێت.
هۆشدارییش دەدات و دەڵێت، پێویستە ئامادەکارییەکی جدی بکرێت بۆ مەترسیئەکانی لافاو و دووبارەبوونەوەیان لە ناوچەکەدا، چونکە پێشتر ئەزموونی گۆڕانکارییەکی لەم شێوەیە نەکراوە، سەرەڕای ئەوەش، ئاو و هەوای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، وەک لەم ساڵانەی ڕابردووشدا بینراوە.