کاروان ئەنوەر، نووسینێکی بە ناونیشانی ‘قوڕمیش’ لە (سێگۆشەی خڕ) کە گۆشەیەکی ھەفتانەیە لە ڕۆژنامەی (کوردستانی نوێ) بڵاوکردووەتەوە.
دەقی نووسینەکە:
کۆمێنتی بۆ پۆستێکم نووسیبوو، بە جنێو و قسەی ناشرین پیامدا هاتە خوارەوە، کە سەیرمکرد، زانیم ئەم کەسە لە فەیسبوک هاوڕێمە، واتە دوور و نزیک یەکتریی دەناسین، یان هاوبیرین، یان هاوپیشەین، یان شتێک هەیە کۆمانبکاتەوە، ئەگەر نا، ئەی چۆن هاوڕێین؟
تەلەفۆنم بۆ کرد، وەڵامی نەدامەوە، لە مەسنجەر (سەکۆی ئاخاوتن) زەنگی پەیوەندییم بۆ کرد، وەڵامی نەدامەوە، ناچار لە خانەکەیدا بۆم نووسی: ئێمە هاوڕێین، وەڵام بدەرەوە با گفتوگۆ بکەین و بزانم ئەم هەموو درۆ و بوختانەی بۆ پۆستەکەی منت نووسیوە، هیچ نیەتێكی خراپم نییە ڕێناس، تەنیا خولیامە بزانم تۆ شتی ئاوھا لەسەر من دەڵێیت، من خۆم بەمجۆرە ناناسم و نابینم، من وەها نیم بەخوا، تکایە ڕوونیکەرەوە، چی وایکرد لە کۆمێنتی کراوەدا بنووسیت و ھێرش بکەیتە سەرم؟
بە نووسین لە خانەی فەیسبوکەکەی بۆی نووسیبووم: سڵاو کاک کاروان، باوەڕبکە زۆرم خۆشدەوێیت، زۆر ڕێزت دەگرم، بۆیە بەوشێوەیە بە ڕەقی بۆم نووسیت! ھەر شێت بووم، خەریک بوو ھەموو ئەقڵ و ژیریی خۆم لە دەستبدەم، بچمە ئاستیی نەوەکەی کاک ئەزیز و منیش ئەوم خۆشبوێت و ڕێزی بگرم، وەک ئەو ڕێزەی هونەرمەند عادل ئیمام لە فیلمی (السفارة في العمارة)دا، لە لەشفرۆشە ئیسرائیلیەکەی دەگرێت.
ئەم ڕێناسە هەندێک پیاهەڵدان و قسەی باق و بریق و شتی دیکەشی بۆ نووسیم، باشه، هەرکەسێک لە شوێنی من بێت توشی سەرسوڕمان نابێت؟ کابرا، ڕێزم دەگرێت، خۆشیدەوێم و ئەو هەموو پیاهەڵدانە، کەچی بە بەرچاوی خەڵکەوە لە کۆمێنتدا یەک لیست جنێوی سووکی بۆ نووسیوم.
بۆ نەگبەتیی ئەم کەسە، لە هەمووی خراپتر ئەوەیە، ئەم کەسە قوڕمیشکراوە نەیزانیوە ئێمە هاوڕێین، ئەگینا ئەوەی نەدەنووسی، ئەی بۆچی نووسی؟ من دەڵێم ڕەنگە قوڕمیش کرابێت و لە ناچاریدا ئەو کارەی پێکرابێت، ئەگینا، چی بێ ئەقڵێک، جنێو بە هاوڕێی خۆی دەدات؟ منیش زانیم، ئیتر بە تەلەفۆن، وەڵامم نەدایەوە، بۆیە دوو بوخچەی دەنگیم بۆ دانا، هەندێک شتم بۆ بەجێهێشت، بەڵام لە چوارچێوەی ئەدەبی قسەکردندا، تەنیا بۆم ڕوونکردەوە کە ئێمە چونکە هاوڕێین، ئەگەر بە زۆریش قوڕمیشکرابیت، نەدەبوو ئاوھا بنووسیت، ئەی ھاوڕێی بەرێز، (ڕ، ع)، چونکە ئەم جنێوانەی تۆ، لانیکەم، دوو ساڵ حوکمی ناو زیندانی لەسەر وەردەگریت، تۆش لەبەرئەوەی لە فەیسبووک هاوڕێمیت، ناتوانیت لە دادگا نکۆڵیی لێبکەیت، ئەوەبوو پاش چەند خولەکێک هەژمارەکەی داخست و بەرەو (ئاوی ئامون و توونی بابا) چوو، واتە ملی شکاند، ئەم ڕووداوەی باسمکرد، هەفتەی ڕابردوو ڕوویدا.
قوڕمیشکراوان کەسایەتییە لاوازەکانی ناو کۆمەڵگەن، وەک بوكەڵە و داھۆڵ وان، یان هەر ئامێرێكی كڕدراون، یان ئامێرێکی بەکرێگیراو، هەرچییان پێبڵێن، وەک کاتژمێر، پانکە و بەفرگر، تەنها یەک وەڵام دەزانن، لەناو دوو کەوانەدا: “بەڵێ گەورەم”، تەنانەت ئەگەر هێرشکردنە سەر هاوڕێ، کەس و خزمی نزیکی خۆیشیان بێت، سڵ لە جنێوبارانکردنی دۆستەكانیان ناکەنەوە.
مێژوو زۆر نموونەی زیندووی هەیە کە خۆفرۆشەکان بۆ قایلکردن و دەستماچکردنی بێگانە، ئاغا، بەگ و داگیرکەران، دایک و باوک و کەسوکاری خۆشیان گـ.ـوللەباران کردووە، دەزانن بۆچی؟ چونکە کوردواتەنی: “خوێن نابێت بە ئاو، بەڵام کە بوو بە ئاو، جارێکی دیکە نابێتەوە بە خوێن”، بەڵام من بە ئێستاشەوە نەمزانی ڕۆستەم نێر بوو یان مێ؟