کاروان ئەنوەر: مەرجەکانی بوون بە ئەندام لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسان گۆڕاون

سکرتێری لقی سلێمانیی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، ڕایگەیاند، مەرجەکانی بوون بە ئەندام لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسان گۆڕاون.

کاروان ئەنوەر، سکرتێری لقی سلێمانیی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، لە هەندێک ناوچە و وڵات پێناسەی ڕۆژنامەنووس ئەوەیە کە ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان بێت، بەڵام تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان بەگوێرەی یاسای کاری ڕۆژنامەنووسی و پەیڕەوی ناوخۆی سەندیکا ڕۆژنامەنووس ئەو کەسەیە کە لە بڵاوکراوەیەکی خولی، کاری ڕۆژنامەنووسی دەکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە لەگەڵ ئەوەدا هاوڕاین کە هەموو ئەو کەسانەی کاری ڕۆژنامەنووسی دەکەن ببن بە ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان.

ئەوەشی خستەڕوو، تاوەکو ئێستا هەشت هەزار و 500 کەس لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ئەندامن کە کار بۆ هەزار و 750 کەناڵی جیاجیا دەکەن و چەند هەزار کەسێکی دیکەش کە کاری ڕۆژنامەنووسی دەکەن ئەندام نین لە سەندیکاکەدا.

لەبارەی مەرجەکانی بوون بە ئەندام لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، کاروان ئەنوەر وتی، هەر ڕۆژنامەنووسێک زیاتر لە دوو ساڵ خزمەتی لە کەناڵێکی دیاریکراو هەبێت، دەتوانێت داواکاری پێشکەش بە سەندیکا بکات و چاوپێكەوتنی لەگەڵ دەکرێت، بە مەرجێک گرێبەستی کاری لەگەڵ کەناڵێک هەبێت و کەناڵەکە پشتگیریی بکات و لیژنەیەک هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەن.

وتیشی، هەرکەسێک کە داواکاریی بە ئەندامبوون پێشکەش بە سەندیکا دەکات ئەگەر فەرمانبەری دەوڵەت بێت پلەکەی بە کارا وەرناگیرێت

کاروان ئەنوەر، باسی لەوەشکرد، لە پێشووتردا، هەر ڕۆژنامەنووسێک تەنیا سێ بابەتی بڵاوکراوەی هەبوایە، دەیتوانی ببێت بە ئەندام لە سەندیکا، بەڵام ئێستا دەبێت ئەو مەرجە دیاریکراوانەی تێدا بێت.

 

 

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share