وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ڕۆژی چوارشەممە 15ـی تەمموزی 2026 دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت و ڕۆژی شەممە 18ـی هەمان مانگ، دابەشکردنی مووچە کۆتایی دێت.
وەزارەتەکە لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەڵێت، بەهۆی ئەوەی گەیشتنی تەمویلی مووچە کەوتە کۆتایی دەوامی ڕەسمی و نەتواندرا پارەکە بەشێوەی کاش لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق وەربگیرێت.
وەزارەتی دارایی دەشڵێت، هەرچەندە سبەی سێشەممە پشووی ڕەسمییە لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بەڵام سبەینێ وەزارەت دەست بە ڕێکارەکانی وەرگرتنی پارە و گواستنەوەی بۆ بانکەکان و پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان دەکات و سەرجەم بانک و گەنجینەکان لە ئامادەکاری تەواودا دەبن بۆ ئەوەی لە ڕۆژی چوارشەممە کاتژمێر 8:00ـی سەرلەبەیانی دەست بە دابەشکردنی مووچە بکەن.
