پارێزگاری هەڵەبجە، ڕایگەیاند، پێشوازیمان لە خاتوو لاڤە حیکمەت سەرپەرشتیاری گشتیی یەکێتیی ژنان و وەفدی یاوەری کرد.
نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە، ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە دیوانی پارێزگا، پێشوازیمان لە خاتوو (لاڤە حیکمەت) سەرپەرشتیاری گشتیی یەکێتیی ژنانی کوردستان و وەفدی یاوەری کرد، سەردانی وەفدەکە بۆ خستنەڕووی پلان و ستراتیجی نوێی یەکێتییەکە بوو لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، کە تێیدا لقی نوێی خۆیان لە شارەکە کردەوە و دەستبەکاربوونی ڕەسمیی خۆیان ڕاگەیاند.
دەشڵێت، هاوکات لە مەراسیمێکی تایبەتدا لە سەرۆکایەتیی زانکۆی هەڵەبجە، پڕۆژەی هاوبەشی “ڕاهێنانی هونەریی نووسینی سیناریۆ بۆ ژنان”ـیان ڕاگەیاند.
ئەوەش دەخاتەڕوو، وێڕای پیرۆزبایی و دووپاتکردنەوەی پاڵپشتیی تەواوی خۆمان بۆ سەرکەوتنی کارەکانیان، سوپاس و دەستخۆشیمان ئاراستە کردن بۆ ئەم هەنگاوە گرنگە و گرنگیپێدانیان بە توانای کچان و ژنانی سنوورەکەمان.
پارێزگاری هەڵەبجە ئەوەش دەڵێت، لە درێژەی سەردانەکەشدا، بە یاوەریی بەڕێز خاتوو (لاڤە حیكمەت)، مەڵبەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانمان لە هەڵەبجە بەسەرکردەوە و لەلایەن بەڕێز (ئەختیار عەزیز) لێپرسراوی مەڵبەند و جێگران و ئەندامانی مەڵبەندەوە بەگەرمی بەخێرهاتنمان کرا.