لێپرسراوی بۆردی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاشکرایدەکات، هیچ هەڤاڵێکی یەکێتی کە کاندیدبووبێت بۆ پۆستێکی باڵا لە بەغداد، بە هیچ تۆمەتێک ڕەتنەکراوەتەوە.
لەتیف نێروەیی، لێپرسراوی بۆردی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، بەڵگەکان دەتوانن دوکەڵی گەندەڵی و دوکەڵە دەستکردەکان لە یەکتریی جیابکەنەوە، ناچینە ناو وردەکارییەکانەوە، بەڵام دەتوانین لەسەر ئەوەی پەیوەستە بە یەکێتییەوە ئەم خاڵانە بخەینەروو، یەکێتی یەکێکە لەو حزبە کەم وێنانەی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق لە ماوەی 23 ساڵی ڕابردوودا هیچ وەزیر و بریکاری وەزیری سەر بە یەکێتی لە بەغدای پایتەخت، نە لەسەر گەندەڵی گیراون، نە لەسەر کارەکەیان دەرکران، نە ڕاشیانکردووە و نە متمانەیان لێ وەرگیراوەتەوە، هەروەها هیچ هەڤاڵێکی یەکێتی کە کاندیدبووبێت بۆ پۆستێکی باڵا لە بەغداد، بە هیچ تۆمەتێک ڕەتنەکراوەتەوە.
باسی لەوەشکردووە، سنووری دەڤەری سەوز (سلێمانی و هەڵەبجە)، یەکێکە لەو شوێنە دەگمەنانەی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق نەبووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ ئەوانەی لە بەغداد و پارێزگاکانی دیکەی عێراق پارەیان دزیوە و لە گەندڵییەوە تێوەگلاون و دەرفەتیان بۆ نەڕەخساوە کە بتوانن بێنە سنووری سلێمانی و خۆیان حەشاربدەن.
لە کۆتایشدا لەتیف نێروەیی دەڵێت، لەو لیستەی کە باس لە تێوەگلانی کومەڵێک وەزیر و بریکاری وەزیری حکومەتی فیدراڵ دەکات، ناوی هیچ وەزیر و بریکارێکی وەزیری سەر بە یەکێتی تێدا نییە و لە ئێستادا هەموویان لە بەغداد سەرقاڵی جێبەجێکردنی ئەرکەکانی ڕۆژانەی خۆیانن و لە دوورەوە سەیری دوکەڵی گەندەڵی دەکەن.