بۆچی تائێستا پاداشتی خزمەتی خانەنشینان خەرج نەکراوە؟

وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینان ڕایدەگەیەنێت، تائێستا پاداشتی خزمەتی خانەنشینان خەرج نەکراوە و حکومەتی عێراق تائێستا نەیتوانیوە دابینی بکات، هۆکارەکەشی ڕووندەکاتەوە.

سادق عوسمان، وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پاداشتی خزمەتی خانەنشینان لە دوای دەرچوونی یاسای خانەنشینیی یەکگرتووەوە تائێستا بەردەوامە، ئەوانەی 25 ساڵ بەرەوژوور خزمەتیان هەیە، دەبێت مووچەی یەک ساڵیان بە دەرماڵەوە بدرێتێ وەک پاداشتی کۆتایی خزمەت.

وتیشی، دەبوو خانەنشینانی هەرێمی کوردستانیش؛ ئەوانەی لە دوای 1ـی 1ـی 2025ـەوە خانەنشین بوون و خزمەتی 25 ساڵیان هەیە، ئەو پاداشتەیان وەربگرتایە، بەڵام تائێستا لێرە خەرج نەکراوە.

لەبارەی هۆکاری خەرج نەکردنیەوە، سادق عوسمان دەڵێت، بەدواداچوونمان کردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەم ماوەیەی دواییدا حکومەتی عێراق گۆڕدرا و پەرلەمانی نوێ دەستبەکاربوو کەمێک کارەکان ڕاگیراون؛ بەغدادیش دەڵێت، ئەم پارەیە زۆرە، چونکە ئەو خانەنشینانەی لە هەرێمی کوردستان پاداشتەکە دەیانگرێتەوە، ژمارەیان زۆرە و ناتوانن بە یەکجار خەرجی بکەن.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share