کاروان ئەنوەر: کورد قسەی مێژوونووسێکی سەردەمی عەباسییەکانی بەدرۆخستەوە

کاروان ئەنوەر، سکرتێری لقی سلێمانیی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان نووسینێکی بە ناونیشانی ‘زەڵم و کەربەلا’ لە (سێگۆشەی خڕ) کە گۆشەیەکی ھەفتانەیە لە ڕۆژنامەی (کوردستانی نوێ) بڵاوکردەوە و تێیدا ستایشی هەڵوێستی کورد دەکات لە پرسی خنکانی کچە گەشتیارە عەرەبەکەی ئاوی زەڵم لە هەڵەبجە و ڕایدەگەیەنێت، هەڵەبجەییەکان بەو کارەیان قسەی مێژوونوسێکی سەردەمی عەباسیەكانیانیان بەدرۆخستەوە کە وتوویەتی “کورد لە ئەسڵ و نەسڵی جنۆکەن”.

دەقی نووسینەکە:

زەڵم و كەربەلا
‎المسعودی لەسەدەی (چوارەمی كۆچی- دەهەمی زایینی) وتویەتی گوایە كورد لە ئەسڵ و نەسلی جنۆكەن، نە ژنیان لێبخوازن و نە ژنیان بدەنێ، بەڵام هەڵەبجەییەكان بە بەڵگەوە ئەم مێژوونوسەی سەردەمی عەباسیەكانیان بەدرۆ خستەوە.

ئافەرین بۆ هەڵەبجە و هەڵەبجەییەكان، ئەمجاریش وەك هەموو جارەكانی ترتان، بە بەڵگەوە لە دنیاتان گەیاند كە كورد تەنها مرۆڤ نیە، بەڵكو مرۆڤێكی مەزن و مرۆڤدۆستە، كوردبوون چەندە سەخت بوە لە مێژوودا، بەڵام ئێوە هەمیشە بوونەتە مایەی شانازیی بۆ میللەت و نەتەوە.

ئەوەی بۆ منداڵێكی نغرۆبوی چەمی زەڵم كرا، روداوێكی راگوزەر نەبوو، بەڵكو نامەیەك بوو، پەندێك بوو، عیبرەتێك بوو بۆ مرۆڤایەتی، بۆ هەموو خەڵكی سەرزەمین، نامەیەكی كورت، بەڵام بۆ برای مرۆڤ لە سەرانسەری جیهاندا، نامەیەك هەموو سنورەكانی دنیای گلۆباڵی تێپەڕاند، بە دەیان بابەتم لە ئێران و میسر و لوبنان و سەرجەم هاوڕێیانم لەعیراقەوە بۆ هاتوە، سەرجەمیان پیاهەڵدان و دەستخۆشی و سوپاسگوزارین، بە هەزاران وتەی جوان و ستایش لەسەر بەبەزەیی كورد لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا نووسراون بە هەزاران دەقی جوان بۆ میللەتی كورد بڵاوكرانەوە، چەند جوان بوون چەند راستگۆ بوون چەند هەڵگری پەیامی ناخی میللەتانی تر بوون، ئەمەش كۆدەنگی و جوانی و راستگۆیی هەڵەبجە و هەڵەبجەییەكان بوو كە گشتاندنی بۆ كراو بوە بەشێك لە رەفتار و هەڵسوكەوتی كوردان بۆ ئەوانەی كە كوردیان وەك خۆمان نەناسیبوو، هەڵەبجە مرۆڤبوونی كوردی بۆ تیۆرە نوێكانی مرۆڤایەتی بە جیهان ئاشنا كرد.

جا ئەمە بۆ ئەوانەی تەنها لە روقیە و زەڵم و كەربەلاوە سەیری هەڵەبجەیان كرد، روداوێكی سۆزداریی و بەزەیی و مرۆڤدۆستی بوو، ئەی ئەگەر بزانن مێژووی پێكەوەژیان و یاسا و رێساكانی شارەزوور و هەورامان چەند تۆكمە و رێك و بەبەهان، گەر بزانن ئەم هەڵەبجەیە سەرمەشق و یەكەم بریسكەی هەموو شۆڕش و بزاوت و جوڵە هونەری و رۆشنبیری و وەرزشییەكانی لەخۆ گرتوە، كانگەی تەسەوف و خانەقا و پیاوخواكان بوو، سەرتۆپی چەپ و شیوعیەت و لیبراڵەكان بوو، خاكی یەكەم مەفرەزەی شۆڕشی نوێ، بە حەوت تفەنگی ژەنگاویەوە بە گژی بەهێزترین سوپای جیهاندا چوون و بوونە خاوەنی یەكەم شەهیدی شۆڕشی نوێ، هەڵەبجە باخی میری رۆشنبیرانی كورد و قەڵەم بەدەست و زانای ئایینی وەك مستەفا زەڵمی و مەلا عبدالكریم مدرس بوو، خەڵوەتگەی نالی و مەولەوی و گۆران و بێكەس بوو، هەڵەبجە لە دیرۆكی خۆیدا خاكی ژنانی سەركردەو حوكمدار بوە، زۆرترین بەخشینی كرد و كەمترین پاداشتی وەرگرت، جوانترین قوربانیدا و زۆرترین گۆڕی تێدا گردۆڵكە كران، بە شەكراوی تاڵ خەڵكەكەی خنكێنران، بەڵام ئەمان هەمیشە لە ترۆپكی مرۆڤبووندا سەرقاڵی ژیاندۆستی بوون.

ئەو زەڵمەی كە روقیەی تیا خنكا، رۆژگارێك بوو 1988 بە سیانید و خەردەل هەموو ئاوەكەی بوە ژەهراو، هەر ئەو سەردەمەش 1991 لە كەربەلاكەی روقیەدا، حسێن ناوێك قاچی ناو پۆستاڵی خستە سەرمەزاری الحسین و پێی وت (من حسێن و تۆش الحسین) كاممان ئازاترین ئەمڕۆ؟
بەڵام حسێنێكیان چوە زبڵدانی میژوو!!

ئێستا خاڵە هاوبەشەكە لە نێوان زەڵم و كەربەلا ئازارە نەك جنۆكەو خێو، ئەو هەزاران بابەتە مرۆڤیانە كە بۆ كورد نوسران و بە مرۆڤترین مرۆڤەكانی سەرزەمینیان ناساند، دەبێت مرۆڤی دوێنێ و ئەمڕۆو سبەینێ بە المسعودی بڵێت شەكرت شكاند.

ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share