بەمەبەستی جێبەجێکردنی یاسای دەزگای زیندانیانی سیاسی و هاوتاکردنی مووچە و شایستەی زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق، وەفدێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغداد دەکات.
ئەحمەد مام ڕەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان ڕایگەیاند، بڕیارە وەفدێک بەمەبەستی جێبەجێکردنی یاسای دەزگای زیندانیانی سیاسیی عێراق سەردانی بەغداد بکات.
یاساکە کە لە ئەنجومەنی نوێنەران هەموارکراوەتەوە، ماف و شایستە داراییەکانی زیندانیانی سیاسیی کوردستان هاوتای عێراق دەکات.
ئەحمەد مام ڕەسوڵ وتیشی، جێبەجێکردنی یاساکە لایەنی دارایی تێدایە، بەهۆی ئەوەشەوە پێویستە پڕۆژەیاسای بودجە لە ئەنجومەنی نوێنەران پەسەندبکرێت.