وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، نابێت پسوڵەی داواکردنی چارەسەری پۆلیس ببێتە ڕێگرێک لە چارەسەرکردنی نەخۆش و بریندار.
ڕائید ئاری لەتیف حەمە، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، بابەتێکی لە هەژماری ڕەسمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە و تیایدا هاتووە، خۆشبەختانە وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی سلێمانی ئەو ڕێنماییەیان هەڵوەشاندەوە کە ئاماژەی بەوەدەکرد، نابێت لە نەخۆشخانەکاندا تاوەکو پۆلیس ئاگادارنەکرێتەوە چارەسەری بەپەلە و فریاگوزاری بۆ هیچ نەخۆش و بریندارێک ئەنجامبدرێت کە گومانی تاوانکاری لەسەر بێت، چونکە لە بنەڕەتدا ئەم ڕێنماییە پێچەوانەی ئەرکی پیشەیی پزیشکی بوو، هەروەها وەک بنەڕەتێک چارەسەرکردن لەپێشترە تاوەکو ئاگادارکردنەوەی پۆلیس.
ڕوونیشیکردەوە، ڕاستە لەکاتی بوونی گومانی تاوانکاری لە نەخۆش و بریندارێک پێویستە پۆلیسی لێ ئاگاداربکرێتەوە، بەڵام ئەولەویەت بۆ چارەسەرکردنەکەیە و دواتر هەر دەبێت پۆلیس ئاگاداربکرێتەوە، واتە بیانووی نەبوونی (پسوڵەی داواکردنی چارەسەری پۆلیس) نابێت ببێتە ڕێگرییەک لە چارەسەرکردنی نەخۆش، بەتایبەت ئەو نەخۆش و بریندارانەی کە نزیکن لە مردن، چونکە ئەوە دەبێتە هۆی تاوان بۆ پزیشکەکە، هەروەها ئاگارنەکردنەوەی پۆلیسیش دەبێتە تاوان، کە سزاکەی تا سێ مانگ بەندکردن یان غەرامەکردنە.