نرخی مۆبایل لە هەرێمی کوردستان، بەراورد بە وڵاتی دوبەی هەرزانترە و بازرگانێکی مۆبایل، هۆکارەکەی ڕووندەکاتەوە.
عەباس فایەق، بازرگانی مۆبایل لە سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، نرخی مۆبایل لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە دوبەی هەرزانترە، چونکە زۆرینەی کۆمپانیاکان کە لە دوبەیەوە مۆبایل دەهێنن عێراقین و حکومەتی عێراق دۆلاریان بە نرخی ڕەسمی بۆ دادەنێت واتە بۆ هەر 100 دۆلارێک 132 هەزار دیناریان لێوەردەگرێت، واتە خاوەن کۆمپانیاکان لەبری ئەوەی 100 دۆلار بە 154 یان 155 هەزار دینار لە بازاڕدا بیکڕن، حکومەتی عێراق بە 132 هەزار دینار پێیان دەفرۆشێت.
وتیشی، بەوهۆیەوە نرخی هەر مۆبایلێک لە سلێمانی و هەرێمی کوردستان 70 بۆ 80 دۆلار بەراورد بە دوبەی هەرزانترە و بازاڕی مۆبایلیش باشە، بەڵام هەندێکجار مۆدێلەکان دەگۆڕدرێن بۆ نزمتر بەهۆکاری دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆران.