ڕاگەیەندراوێک لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوادەکات، لە نزیکترین دەرفەتدا، ئەنجومەنی وەزاریی فیدڕاڵ بۆ کاروباری ئابوری، ئەو لەیەکترتێگەیشتنە بەراییە پەسەندبکات کە لە مانگی نیسانی ئەمساڵ لەنێوان هەردوولا تايبەت بە جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا واژووکراوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و دواتر ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەکەوە بڵاوکردەوە کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، سەرۆکوەزیران تیشکی خستە سەر دوایین سەردانەکەی بۆ بەغداد و ئاماژەی بە گرنگیی گەڵاڵەکردنی نەخشەڕێگەیەک بۆ بەردەوامیدان بە دانوستان لەسەر دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کرد، لەمبارەیەوە پێشنیازی هێنانەکایەی دەسەتەیەکی باڵای وەزاریی هاوئاهەنگیی هەمیشەیی بە ئەندامیەتیی وەزیر و بەرپرسانی پەیوەندیدار لە هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان کرد.

پاشان جێگری سەرۆکوەزیران، باسی لە گرنگیی هێنانەکایەی دەستەکە کرد و ئاماژەی دا کە ئەمە هەنگاوێکە بۆ بە دامەزراوەییکردنی شێوازی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کە ڕۆڵی ئەرێنی دەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولا.

ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە لەبارەی وردەکاری و میکانیزمی پێکهێنانی دەستەکە، پێشنیازەکەی پەسەندکرد و بڕیاردرا ئاراستەی حکومەتی فیدڕاڵ بکرێت بۆ بڕیاری هاوبەشی هەردوو حکومەت.

لە بڕگەی دووەمدا، دوا پەرەسەندنەکانی پەیوەست بە دۆسیەی نەوت لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و دەرئەنجامی دوا کۆبوونەوەی وەفدی هەرێم و نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان لەگەڵ سەرۆکوەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ خرایەڕوو.

وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت و ئەندامانی وەفدی دانوستانکار، وردەکاریی کۆبوونەوەکەیان خستەڕوو.

ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ، جەختیکردەوە لەسەر هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لە پشتیوانیکردنی حکومەتی نوێی فیدڕاڵ بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، بۆ بەرەنگاربوونەوە و چارەسەری ئەو ئاڵنگارییە داراییانەی کە ڕووبەڕووی عێراق بووەتەوە بەهۆی بارودۆخی ئەم دواییەی ناوچەکە. بۆ ئەو مەبەستەش، ئەنجومەنی وەزیران وەزیری سامانە سروشتییەکان و وەفدی دانوستانی ڕاسپارد کە ڕێکارەکان خێراتر بکەن تاوەکو هەرچی زووە لە ڕێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە، بەرزترین ئاستی هەناردەکردن بۆ بازاڕی جیهانی ئەنجامبدرێت و داهاتی بەدەستهاتووش بگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی فیدڕاڵ، هەروەها بەردەوامیدان بە کاری هاوبەش و پێکەوەیی بۆ سەرخستنی هەموو ئەو هەوڵ و دەرفەتانەی دەبنە هۆی زیادکردنی داهاتی فیدڕاڵ.

ئەنجومەنی وەزیران دووپاتیشی کردەوە کە ئەرکی کۆمپانیا نەوتییەکانیشە، دوای دڵنیاییدانی حکومەتی فیدڕاڵ بە پاراستنی ئاسایشیی کەرتی نەوت و وزەی هەرێم و قەرەبووکردنەوەی زیانی هەر هێرشێک بۆ سەر دامەزراوەکانی کەرتی وزەی هەرێم وەک سەرۆکوەزیرانی فیدڕاڵ جەختی لێکردەوە، دەبێت کۆمپانیا نەوتییەکان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، دەست بە زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت و هەناردەکردنی بکەنەوە.

پاشان ئەنجومەنی وەزیران، گفتوگۆی لەبارەی دۆسیەی داهاتە ناوخۆییەکان و بابەتی جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی سیستەمی ئەسیکۆدا لە هەرێمی کوردستان و خشتەی داهاتەکان و کاریگەرییەکانی دۆخی ناوچەکە و ئەسیکۆدا لەسەر کەمبوونەوەی بەرچاوی داهاتی گشتی لە هەرێمی کوردستان و کاریگەری لەسەر مووچە کرد.

لەمبارەیەوە وەزیری دارایی و ئابوری، لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێکدا، وردەکاریی داهاتە گشتییەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ پێنج مانگی یەکەمی ساڵی 2026 بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستەڕوو، کە بەراورد بە ساڵی 2025 دابەزینی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، وەک لە تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە ڕوونکراوەتەوە و لەلایەن تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی داراییی فیدڕاڵ و هەرێم وردبینی دەکرێت. بۆیە داوا لە حکومەتی فیدڕاڵ کرا کە پێداچوونەوەی پێویست بکات بە بڕی 120 ملیار دیناری دیاریکراو وەک بەشی گەنجینەی فیدڕاڵ، چونکە بەهۆی جەنگ و بارودۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە و یەکلایینەبوونەوەی دۆسیەی ئەسیکۆدا، داهاتی مانگانەی هەرێم بە ڕێژەی زیاتر لە 70% دابەزیوە.

سەبارەت بە جێبەجێکردنی ئەسیکۆداش لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی وەزیران جەختیکردەوە کە پێویستە لە نزیکترین دەرفەتدا، ئەنجومەنی وەزاریی فیدڕاڵ بۆ کاروباری ئابوری، لە کۆبوونەوەیەکدا، ئەو لەیەکترگەیشتنە بەراییە پەسەندبکات کە لە مانگی نیسانی ئەمساڵ لەنێوان هەردوولا تایبەت بە جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان واژووکراوە. بە چارەسەرکردنی ئەم دۆسیەیەش، داهاتی دەروازە سنوورییەکان زیاددەکات و جووڵەی بازرگانی بەهێز و چالاک دەبێتەوە و بازاڕ دەبووژێتەوە، کە ئەمەش لە ئەنجامدا لە بەرژەوەندیی تەواوی عێراقدایە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share